بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە شاری دھۆک نمایش دەکرێت

بیرەوەرییەکانی سەر بەرد
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی شەوکەت ئەمین کورکی، لە سینەماکسی "مازی مۆڵ" لە دھۆک نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی، لە بەرھەمھێنانی مەمەد ئەکتاش، فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی رێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا، لە رۆژی چوارشەممە ٢٣ ئەیلوول/ سێپتەمبەر ٢٠١٥ بە بۆنەی ھاتنی جەژنی قوربانەوە لە سێ ھۆڵی سینەماکسی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی گشتیی دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و ھەروەھا لە داھاتوویەکی نزیکیشدا لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانیش بۆ بینەران نمایش دەکرێت.
ئەم فیلمە کوردییە کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و ھەروەھا چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە نوێترین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا لە رێوڕەسمی دەسپێکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" و لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" ئەم فیستیڤاڵەدا و لە رۆژی رێزلێنانی سینەماکاری ناوداری کورد یەڵماز گونای، دەرھێنەری براوەی چڵەبەڕووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٨٢ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی شاری دھۆک نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٥ ھەزار دولاری بۆ باشترین دەرھێنەریی کورد بە کورکی، بۆ دەرھێنانی ئەم فیلمە بەخشرا و ھەروەھا خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ١٠ ھەزار دولاری پارێزگاریی دھۆک بۆ باشترین فیلمی بڵندیی سینەمایی کە لە دەڤەری بادینان وێنەگیراوە پێشکەش بە دەرھێنەری ئەم فیلمە کرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە رۆژانی بەڕێوەچوونی سێیەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"دا لە لایەن ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و لە چەندین سانسی جیاوازدا لە ھۆڵەکانی سینەماکسی "مازی مۆڵ"ی شاری دھۆک نمایشکرا و لە نێوان فیلمەکانی ئەم فیستیڤاڵەدا زۆرترین ڕێژەی بینەرانی بۆخۆی تۆمار کرد.
Top