سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی لە یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی‌ كوردستان دەکات

 سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی لە یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی‌ كوردستان دەکات
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كرد و له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌" ڕۆڵی درەوشاوەی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیش لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی گەلەکەماندا چەسپاوە، لە ئێستاشدا کە بیری توندڕۆیی هەڕەشە لە گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی دەکات، ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی زۆر هەستیارە، لەوە دڵنیاین کە مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان ئامادەن بە گیانی پێشمەرگانەوە بەرگری لە خاکی کوردستان و کەرامەتی خەڵکی کوردستان بکەن، لەهەمان کاتدا ئەرکی ئێوەیە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی و تەکفیری لەناو گەلەکەمان بگرن."

ده‌قی پیرۆزبایی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
به‌رێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی
سڵاوی خواتان لێ‌ بێت
به‌ بۆنه‌ی ٤٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌تان گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ و سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ ته‌واوی كوردستان ده‌كه‌م .
بە دریژایی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان، ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی هەر پێشەوایەتی و سەرکردانە بووە و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییکردن لە خاک و گەلەکەیان بوون. ڕۆڵی درەوشاوەی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیش لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی گەلەکەماندا چەسپاوە، لە ئێستاشدا کە بیری توندڕۆیی هەڕەشە لە گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی دەکات، ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی زۆر هەستیارە، لەوە دڵنیاین کە مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان ئامادەن بە گیانی پێشمەرگانەوە بەرگری لە خاکی کوردستان و کەرامەتی خەڵکی کوردستان بکەن، لەهەمان کاتدا ئەرکی ئێوەیە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی و تەکفیری لەناو گەلەکەمان بگرن.
هیوادارم له‌ سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌ی خۆتان به‌رده‌وام بن بۆ خزمه‌تی گه‌لی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سه‌ر بنەمای خۆشه‌ویستیی نیشتمان و لێبورده‌یی و راوه‌ستان دژ به‌ دیارده‌ی تیرۆر و دژی هەموو ئەو بیر و کردارانە بن کە پێچەوانەی روحیه‌تی ئایینی ئیسلام و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانن و ئامانجیان بەکارهێنانی ئایینە بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی دونیەوی..
خوای مه‌زن پشت و په‌ناتان بێت.

مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
21/9/2015
Top