کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر: مەشق زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دەکەین

کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر: مەشق  زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دەکەین
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رایگەیاند، ئێمە پشتیوانی لە گەڕانەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکەین.

گوتیشی" سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستییانەش دەکەین کە پەکەکە بەرامبەر سەربازان و پۆلیسی تورکیا ئەنجامیانداوە. پێمانوایە دەبێ ئەو کردەوە تیرۆریستییانە رابوەستن".

ماتیاس میتمەن، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر گوتیشی:" پێمانوایە تورکیا مافی خۆیەتی داکۆکی لەخۆی بکات. هاوکات بڕوامان وایە کێشەی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا پێویستە بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت. ئەوان پێویستە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن".

ماتیاس میتمەن لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا گوتی:" حکومەتی تورکیا ئێستا بەشدارە لە شەڕی دژی داعش. هەروەها بنکە ئاسمانییەکانی خستووەتە خزمەت ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەدژی داعش".

کۆنسوڵی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە" تورکیا بۆخۆیشی دەستی بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی کردووە لە سووریا لەدژی داعش. پێمانوایە ئەمانە هەنگاوی راستن. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاریکاری لەگەڵ تورکیا و هیوادارین هاوپەیمانانی دیکەشمان هاریکاریی زۆرتر بکەن بۆئەوەی زووتر داعش تێکبشکێنین".

لەبارەی شەڕی مووسڵ و رۆڵی پێشمەرگە کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداگرە لەسەر شەڕی دژی داعش و ئێستا بایەخمەندترین مژاری ئێمەیە".

گوتیشی" لەوەتەی بوومەتە کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رۆژانە لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیدام لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریمان. بەمدواییانەش لەسەر ئاستی باڵا کاربەدەستانمان هاتنە هەولێر و هاوئاهەنگیی و هەوڵی زۆرتر دەدەین بۆ ئازادکردنی دەشتی نەینەوا و شاری موسڵ".

ماتیاس میتمەن، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند:" مەشق بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە دەکەین، چونکە دەبنە ئەو هێزە زەمینییەی دەچنە دەشتی نەینەوا و ئەو شارانە ئازاددەکەن کە لەژێر دەستی داعشدان، ئێمە رۆژانە بۆردوومانە ئاسمانییەکانمان ئەنجامدەدەین. ساڵێک زیاترە ئەو بۆردوومانە ئاسمانییانە دەکەین و لەسەریشیان بەردەوام دەبین، تاوەکو ئەوکاتەی داعش تێکدەشکێت".

سەبارەت بە پلانی گرتنەوەی موسڵ و دەشتی نەینەوا کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت:" ناتوانم وردەکارییەکانتان پێبڵێم ، تەنیا ئەوەندە دەڵێم هەوڵدەدەین کەمترین زیان بە خەڵکی سڤیل، لە ژنان و منداڵان و کەسانی بەتەمەن و هەموو ئەوانەی دیکە کە ناتوانن لەو ناوچانە رابکەن، بگات، هەروەها هەوڵدەدەین زۆرترین کۆمەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کۆبکەینەوە بۆئەوەی بەهۆیەوە بتوانین فریاگوزاریی مرۆیی بگەیێنینە ئەوانەی ئاوارە دەبن و پێویستیان بەوەیە بحەوێندرێنەوە تاوەکو ئەوکاتەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".

لەسەر پرسی سووریا کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت:" دەمانەوێ لە سووریاش شارەکانی بندەستی داعش رزگار بکرێن و بێگومان لەوەشدا هێزە کوردییەکانی ئەوێ رۆڵیان دەبێت و دەمانەوێ ئەمە هەرچی زووترە رووبدات".

لە وەڵامی پرسیارێکی رووداویش لەبارەی کۆچی کوردانی ئێزدی و شەبەک و کریستیانەکانی کوردستان، هەروەها تێڕوانینی ئەمریکا بۆ بارودۆخی ئەو پێکهاتانە لە هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر گوتی:" لەگەڵ کۆمەکبەخشە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو کارێک دەکەین بۆئەوەی ئاسایش و فریاگوزاریی مرۆیی، وەکو دابینکردنی شوێنی مانەوە و خۆراک و پێداویستیی دیکەی تەواوی ئاوارەکان، بە کریستیان و ئێزدی و شەبەکەکان و تەنانەت شیعە و سوننە و هەموو ئەوانەی لە ناوچەی بندەستی داعشەوە هەڵاتوون، لە هەرێمی کوردستان دابین بکەین".

هەروەها لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو دەربارەی پەیامی کۆنسوڵی ئەمریکا بۆ ئەوانەی کوردستان جێدەهێڵن ماتیاس میتمەن گوتی:" پەیامی من بۆیان ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگای لە رەوشی ئێوەیە، ئێمە هەموو شتێک دەکەین کە لەدەستمان بێت بۆئەوەی هاوکاریتان بکەین. هەروەها هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین بۆئەوەی داعش تێکبشکێنین و وابکەین ئێوە بتوانن بچنەوە ماڵەکانتان".














رووداو
Top