فوئاد حوسێن: دەبێ میدیاکان رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەی بە ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە رایگەیاند: ئامانج لەم کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە بەرچاویان روون بێت لەسەر کۆبوونەوەکانی پێنج لایەنەکە و هەروەها ئەو هێرشە راگەیاندنانەی کە هەیە رابگرین و میدیاکانیش لەخزمەت پرۆسەی دانوستاندن بن".
فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی:" میدیا دەتوانێ رۆڵێکی ئەرێنی یان نەرێنی هەبێت لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چونکە کێشەکان جارێ ماون و نەگەیشتوونەتە چارەسەر ، هەندێجار دەبینین میدیاکان رۆڵێکیان هەیە کە کێشە دروستدەکات بۆ دانوستانەکە و ئەو شتانەی لە هۆڵی گفتوگۆکان باس دەکرێت دێنە ناو میدیا و جارێکی دیکە دێنە ناو کۆبوونەوەکان و ئەمجارە بە کێشەوە دێنەوە".
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست" لەم کۆبوونەوەیەدا باسی ئەو خاڵانە بکرێن و بگەینە دەرەنجامێک کە میدیاکان رۆڵێکی ئەرێنیان هەبێ دەربارەی کۆبوونەوەکان".
فوئاد حوسێن بە ئاماژەدان بەوەی میدیا ئازادەو ئێمە هیچ شتێک ناسەپێنین بەسەر میدیاکاندا، رایگەیاند" بەڵام بیروڕا گۆڕینەوە دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە بڕیارێک یان خۆیان لە راستیدا بگەنە بڕیارێک کە ئەو هێرشانەی کاریگەری نەرێنیان دەبێ لەسەر پرۆسەی کۆبوونەوەکە ئەوە لابدەن و رۆڵێکی ئەرێنی ببینن".
سەبارەت بەوەی پەیامی ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا بۆ میدیاکانی ئەو پێنج لایەنەیە یان میدیاکانی دیکە، فوئاد حوسێن گوتی" پەیامی ئەم کۆبوونەوە بۆ هەموو میدیاکانی کوردستانە، ئەوانیش بەرپرسن لە بەرامبەر میللەتی خۆیان و وڵاتی خۆیان، پێویستە ئەوانیش بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکەن کە تاوەکو ئێستا دەبینم ئەوان بە بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە دەکەن، بەڵام نابێ رێگە بدەن بە هێرشکردنە سەر یەکتر".
گوتیشی" ئەو میدیایانەی لەدەرەوەی ئەم پێنج حیزبەشن پێویستە رێگە نەدەن هێرش بکرێتە سەر یەکتری چونکە لەراستیدا ئەوە بەرژەوەندی کوردستانی تێدا نییە".
رووداو
