مافی چارەنووس بنەمایەكە بۆ حوكمڕانیی سەربەخۆیی و دەربڕینی ویستی سیاسیی خەڵكەكەی
د.زەینەب قایا هەروەها گوتی: كۆسۆڤۆ تاكلایەنە بانگەشەی مافی چارەنووسی كرد و هەرچەندە لەلایەن چەند وڵاتێكەوە دانی پێدا نەنرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاكلایەنە سەربەخۆیی ڕاگەیاند. بۆیە مافی چارەنووس بنەمایەكە بۆ حوكمڕانی و سەربەخۆیی خەڵك لە دیموكراسیدا. كاتێك باس لە مافی چارەنووس دەكەین، دەبێت بزانین مەبەستمان چییە. یەكێك لە ماناكانی مافی چارەنووس فەرمانڕەوایی سیاسیی دیموكراسییە لە سیستەمدا، بۆیە ئەگەر گرووپێك لە خەڵك توانییان گوزارشت لە ویستی سیاسییان بكەن و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییان لە كۆمەڵگەدا ڕێكبخەن، ئەوا لەڕاستیدا مافی چارەنووسی خۆیان بەدەستهێناوە، ئەمەش پێی دەوترێت مافی چارەنووسی ناوخۆیی، بەڵام مافی چارەنووسی دەرەكی واتە جیابوونەوە لە دەوڵەت، یان بانگەشەی سەربەخۆیی كردن. بۆیە مافی چارەنووسی ناوخۆیی لە سیستەمی دیموكراسیدا ئەوەیە كە زۆر لە خەڵك بۆ خۆی مافی چارەنووسی خۆیان پیادە دەكەن، بەڵام بە مانای دووەمیان- واتە جیابوونەوە- لێكەوتەی لە سەر سیستەمی جیهان دەبێت، لەبەر ئەوەی لە جەوهەردا پرەنسیپێكە ئەو سیستەمە دەوڵەتییەی كە هەیە ناسەقامگیر دەكات.
شايانى باسه قایا هەروەها گوتی: ئەگەر لە گۆشەنیگای دەرەكییەوە سەیری یاسای نێودەوڵەتی و حوكمی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەین، پشتگیری داوای مافی چارەنووس ڕەنگە لێكەوتەی هەبێت بۆ داواكاری لە داهاتوودا لە بەشێكی تری جیهاندا، بۆیە چەمكێك هەیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا پێی دەوترێت: پێشینە (precedent)، هەرچەندە یاسای نێودەوڵەتی ناتوانێت بۆ هەموو گرووپە نەژادی و ئایینی و كەلتوورییەكان لە جیهاندا مافی چارەنووس دابین بكات، یاسایەكی لەم جۆرە نییە، بەڵام چەند مەرجێكی دیاریكراو هەیە كە یاسای نێودەوڵەتی دابینی كردووە، بەڵام زۆر ڕوون نین. بۆ نموونە یاساكە دیاری نەكردووە بە تەواوی پێناسەی نەتەوە چییە. هەروەها پێناسەی ئەوەشی نەكردووە كە بە تەواوی هۆكارە شەرعییەكانی بانگەشەی مافی چارەنووس چین، بۆیە هەر بووەتە مەسەلەیەكی سیاسی و زۆر دەوڵەت پشتگیری داوای مافی چارەنووس دەكەن.
د.زەینەب لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: كەتەلۆنیا مێژوویەكی درێژی هەیە لەوەی كە بەشێكی جیاواز بووە لە ئیسپانیا و لە ڕووی ئابوورییەوە بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی ئیسپانیا زۆر بەهێزترە، كەتەلۆنیا لە ڕووی چالاكیی ئابووری و بەرهەمهێنان و بونیادی كۆمەڵایەتیشەوە لە پێش هەموو ئیسپانیاوەیە، بۆیە جۆرێك لە شانازی نەتەوەیی هەیە بۆ داواكردنی سەربەخۆیی. لە ڕووی بڕیاری سیاسی و ئابوورییەوە بە مەدریدەوە بەستراونەتەوە و دەیانەوێت دەسەڵاتی زیاتر لە ناوچەكەی خۆیاندا دروست بكەن و نەبەسترێنەوە بە سیاسەتی مەدرید، یان دەوڵەتی ئیسپانیاوە. ڕەنگە بتوانین بڵێین پێوەندی بە ناسنامەوە هەیە، بەڵام ناوچەی كەتەلۆنیا بە بیرۆكەی قەوارەیەكی سیاسی جیاوە، دەتوانن باشتر سەرچاوەكان بەكاربهێنن و بونیادی كۆمەڵایەتییان باشتر بكەن لەوەی كە لەگەڵ ئیسپانیادا بن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1043)
