کەمال کەرکووکی: بۆ گەیشتن بە مافەکان، پارتی پشتیوانی براکانیەتی لە ڕۆژاوای کوردستان
لە وتارەیدا لە شەشەم کۆنگری پەیەدە کە لە ڕۆێلان سازیان دابوو، بە ئاماژەدان بە نەهامەتی، کۆمەڵکوژی، ئەنفال و کیمیابارانکردن و بێبەشکردنی کورد لە باشووری کوردستان لە کۆی مافەکانی لەسەر دەستی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، سەرۆکی شاندی پارتی(د. کەمال کەرکووکی) ڕایگەیاند، بەڵام ئێستا هەمووان شایەدی ئاستی ستەم و ئەو دڕندەییەن کە گەلەکەمان بەرەوڕووی بووەتەوە، هەڵبەت کۆمەڵی نێودەوڵەتی شایەدی هەموو ئەو کارەساتانانە کە بەسەری هاتووە.
(د. کەمال کەرکووکی) زیاتر گوتی، دەبینم کە ڕۆژاوای کوردستانیش چۆن بۆ هێنانەدی مافە زەوتکراوەکانی تێدەکۆشێ و بە دەنگی بڵندەوە دەیڵێین، کە دەبێ گەلەکەمان مافی سەربەخۆبوونی بە دەست بێنێ و بڕیاری لێ بدات.. لە باکووری کوردستانیش تەواو پشتیوانی گەلی کورد دەکەین بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان و بەدەستهێنانی. هەڵبەت هاوکات داوا دەکەین لایەنەکان لەپێناو بەدەستهێنانەوەی مافە ڕەواکانیان بە شێوازی خەباتی مەدەنیانە، بۆ سەر مێزی دانوستان بگەڕێنەوە.
لە باشووری کوردستان (سەرۆک بارزانی) داوای لە پەرلەمان کرد زەوینەی یاسایی بۆ ڕیفراندۆم بڕەخسێنێ، دوورونزیک دەزانن کە هەڵوێستەکانی (سەرۆک بارزانی) لە پێناو یەکڕیزییە لە هەرچوارپارچەی کوردستان و گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین. کە دەڵێین یەکڕیزی و قبووڵکردنی بەرانبەر، بۆ بەدیهێنانی هێزی زیاترە بۆ شکاندنی داعش و دوژمنانی کورد و گەیشتن بە سەربەخۆیی یەکجارەکی.
(کەرکووکی) هەروەها گوتی، وەک چۆن (بارزانی نەمر) پشتیوانی لە کۆماری کوردستان کرد، ئێستایش سەرکردایەتیی پارتی پشتیوانی هێزەکانی ڕۆژاوا دەکات بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. پشتیوانی و ڕەوانەکردنی پێشمەرگەیش لە لایەن حکوومەتی کوردستانەوە بۆ کۆبانێ، گوزارشتە لە باوەڕی تەواوی (سەرۆک بارزانی) بە هاوکاریی تەواو بە براکانی لە هەر پارچەیەکی کوردستان و، هەوڵی بۆ یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردە، ئەمەیش لە بەرەکانی شەڕ ڕەنگی داوەتەوە.. ئەم هاوکارییەیش لە خزمەتی پرسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕەنگی دایەوە.
