موژده‌یه‌ك بۆ قوتابیانی پۆلی12 كه‌ نمرەی کەمیان ھێناوە

موژده‌یه‌ك بۆ قوتابیانی پۆلی12 كه‌ نمرەی کەمیان ھێناوە
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مژدە دەداتە ئەو قوتابیانەی کە لە پۆڵی 12دەرچوونەوە و کۆنمرەیان کەمە، دەتوانن ساڵی داھاتوو تاقیکردنەوە ئەنجام بدەنەوە و، ئەگەر نمرەی باشیان ھێنا، بۆیان ھەژمار دەکرێت و ئەگەر نمرەی کەمتریان بە دەست ھێنا نمرەی پێشوویان بۆ ھەژمار دەکرێته‌وه‌.
(فاتیح مەولەویزادە) گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پارساڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد کە ھەر قوتابیێک کۆنمرەی کەمی ھێنابێت لە پۆڵی 12ی ئامادەیی، دەتوانێ دووبارە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ ئەنجام بداته‌وه‌، ئەگەر نمرەی باشتری ھێنا، بۆی ھەژمار دەکرێت و، ئەگەر نمرەکەی کەمتر بوو، ئه‌وا كۆنمرەی پێشووتری بۆ ھەژمار دەکرێته‌وه‌.
(مەولەویزادە) گوتیشی: ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە کە قوتابی زیاتر خۆی ماندوو بکات و، نمرەی باشتر بە دەست بێنێت و چانسی زیاتر بێت بۆ ئەوەی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێت، بۆیە ئەو بڕیارە ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت بە ھەمان شێوەی ساڵی رابردوو.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشی کردەوە، بەپێی ئەو بڕیارە ئەو قوتابیەی دەیەوێت تاقیکردنەوەکان دووبارە بکاتەوە، پێویستە تاقیکردنەوەی دەرەکی ئەنجام بدات و ناتوانێ لە قوتابخانە دەوام بکات.
Top