ئهو كوردانهی لهنهمسا لهنێو بارههڵگرهكهدا بوونه قوربانی تهرمهكانیان دهگهڕێندرێنهوه ههرێم
(د. مستەفا ڕەمەزان) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا ڕایگهیاند: "لەسەر ڕاسپاردەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا و کەسوکاری قوربانیان، دوای تەواوبوونی ڕێکاری یاسایی و ئیداری، بەم نزیکانە تەرمی ئەو قوربانییە کوردانە دەهێنینەوە کە لە ئاخروئۆخری مانگی ٨/٢٠١٥، لە ناو بارهەڵگرێکدا لە سنووری نەمسا خنکابوون."
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا گوتیشی كه، ئەوکات ناسنامەی هیچ یەکێک لە پەنابەرەکان ئاشکرا نەکرا، چونکە هیچ ناسنامە و بەڵگەنامەیەکیان لا نەبوو. بەڵام بە داخەوە دیارە قوربانییەکان شانزەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن؛ ڕەنگە زیاتریش بێت."
ڕۆژی ١٣/٩/٢٠١٥ کەسوکاری ١٣ قوربانی سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتیان کرد و لە لایەن فەلاح مستەفاوە پێشوازییان لێ کرا و بەڵێنیان پێ درا کە حکوومەتی هەرێم بەوپەڕی تواناوە هەوڵ دەدات ڕێکارە یاسایی و ئیدارییەکان لەگەڵ حکوومەتی نەمسا تەواو بکات. هاوکات باڵیۆزخانەی عێراق لە نەمسا و سالار مەحموود سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان ڕۆلیان هەبوو بۆ بەدواداچوون لەم کەیسە.
ئیستا ڕێکاری یاسایی بۆ ژمارەیەک لە قوربانیەکان تەواو بووە و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای نیشاندانی هاوخەمیی خۆی، ئەرکی هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی لە نەمسا بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ گرت.
