لە بوودجەی 2016، پشكی هەرێم دیاری كرا
(سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی) ئەندامی كورد لە لیژنەی داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای تەواوكردنی بوودجەی 2016ـی عێراقی فیدراڵ، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و، لەوێیشەوە، ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت؛ بوودجەکە نزیکەی 113ترلیۆنو500ملیار دینارە."
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەکەدا 17%ـە و ئەمەیش بابەتێكی یاساییە كە بڕەكەی دەگاتە نزیكەی 15ترلیۆن دینار."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەیشڵێت: "نرخی فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوتی خاوی عێراق لە بازاڕەكانی جیهان بە 45 دۆلار هەژمار كراوە و، كورتهێنان لە بوودجەی 2016ـدا بە 29 ترلیۆن دینار دیاری كراوە، هەروەها بە یاسایش ڕێگا بە وەزارەتی دارایی دراوە هەندێك هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی چارەی ئەم كورتهێنانە بكات".
