قایمقامی شارۆچکەی بێجی : سوپای عێراق ناتوانێت شارۆچکەی بێجی كۆنترۆڵ بکاتەوە

قایمقامی شارۆچکەی بێجی :  سوپای عێراق ناتوانێت شارۆچکەی بێجی كۆنترۆڵ بکاتەوە
قایمقامی شارۆچکەی بێجی دەڵێت یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی وایکردووە سوپای عێراق توانای کۆنترۆڵکردنەوەی بێجی نەبێت، نەبوونی پێداویستی سەربازی و جیددی نەبوونی حكومەتی ناوەندییە لەو ناوچانەدا.

محەممەد مەحموود، قایمقامی شارۆچکەی بێجی لە لێدوانێکدا گوتی: سوپای عێراق ناتوانێت شارۆچکەی بێجی كۆنترۆڵ بکاتەوە، بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکان و پاڵپشتینەکردنی تەواوی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە".

حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران و خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری، لەکاتی سەردانیان بۆ کەرتە سەربازییەکانی بێجی، بەڵێنی پێدانی هەموو یارمەتییەکیان بۆ ئازادکردنی شارۆچکەکە بە هێزەكان دا. بەڵام محەممەد مەحموود دەڵێت " هیچ ئومێدێکم بەوە نییە حکومەتی ناوەندی یارمەتی بێجی بدات بە پاڵپشتیکردنی تەواوی سوپای عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شارەکە".

جاسم جەزائیری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی دەڵێت "حکومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی جیددی پاڵپشتی کەرتە سەربازییەکان لە بێجی ناکات، ئەمەش تاکە هۆکاری ئەوەیە سوپای عێراق لەو ناوچەیەدا توانای کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی بێجی نەبێت".

جەزائیری دەشڵێت "حکومەتی ناوەندی زانیاری ئەوەی لەلایە بەوەی داعش نایەوێت گەورەترین پاڵاوگە لە عێراق، کە پاڵاوگەی بێجییە بسووتێنێت". بێجی لە شاری موسڵەوە نزیکە و داعش بە ئاسانی دەتوانێت پێداویستییە سەربازییەکانی پێبگەیێنێت. جەزائیری بەپێویستی دەزانێت حکومەتی ناوەندی پلانێکی نوێ دابنێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بێجی، بۆئەوەی جارێکی دیکە ئەو لەدەستی نەداتەوە.

شارۆچکەی بێجی دەکەوێتە پارێزگای سەڵاحەدین، بە دووری 210 کیلۆمەتر لە باکووری بەغدا، یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتیش کە پاڵاوگەی بێجییە، دەکەوێتە ئەو شارۆچکەیە.














رووداو
Top