هێمن هەورامی: تورکیا پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم زیاتر دەکات
هەورامی گوتی " رۆژی یەكشەممە سەردانی هەدەپەمان کرد، دووشەممە سەردانی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە و بڕیاریشە سەردانی ئاکپارتیش بکەین، لەسەردانەکانیشماندا ئامانجمان گەیاندنی بیروڕای پارتی و هەوڵدانە بۆ جەختکردنەوە لەسەر رووداوە نەخوازراوەکانی ئێستای باکووری کوردستان و رێگەگرتنە لە رژانی خوێن و باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا".
لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ فەرەیدوون سنر ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێیڕاگەیاندوون كە وەکو حکومەتی تورکیا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن، هەروەها هەوڵدەدرێت هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکرێت، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختیكردووەتەوە كە ئەوان خوازیاری ئاشتین و هیچ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ نەتەوەی کورد نییە.
دەربارەی هەڵوێستی هەردوو لایەنیش سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و حکومەتی تورکیا، هێمن هەورامی گوتی "هەدەپە و جەهەپە، هەردوولا نیگەرانی خۆیانیان نەشاردەوە لەو بارودۆخەی ئێستا لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە، هەردوولاش داوایان کرد پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزێکی هەرە گەورەی کوردستان لەڕێگەی پەیوەندییەکانی خۆیەوە هەم لەگەڵ ئەکپارتی هەم لەگەڵ برادەرانی دیکەش بتوانێت جۆرێک لە چارەسەری بدۆزێتەوە، بۆ وەستاندنی شەڕ و خوێنڕشتن".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختیكردەوە كە " ئەوەی ئێستا لە تورکیا روودەدات دژی پرۆسەی ئاشتییە و دژی ئەو راگەیێندراوەشە کە بەڕێز ئۆجەلان، لە نەورۆزی 2013 رایگەیاند، بۆیە خوازیاربوون بەهەموولایەکمانەوە زیاتر بە پشتبەستن بەگەڕانەوە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆکردن و کاری پەرلەمانی، چارەسەری ئەو کێشانە بکەین".
هێمن هەورامی گوتیشی" هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە لە تورکیا روودەدات دەبێت بووەستێت و لە کوێ خاڵی گفتوگۆکان وەستاون دەستپێبکرێنەوە، بەڵام دیسانەوە دەڵێین ئەو کارە بەوەدەکرێت، کە چارەسەری حکومەتی تورکیا بۆ مەسەلەی پەکەکە لە چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد جیابکرێتەوە، دەبێت پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەربکرێت و برادەرانی پەکەکەش دەبێت ئەو دەرفەتە بدەنە هەدەپە، تا سیاسەتی کورد لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە دیموکراسییەی لەنێو تورکیا هەیە بتوانن چانسی پراکتیکی سیاسی خۆیان زیاتر بکەن".
هەورامی ئاشکرایکرد " پرسی ئاشتی و دیموکراسی بۆ هەدەپە پرسێکی ستراتیژییە، ئەوان خوازیاری ئەوەن و ئامادەن هەرشتێک لە دەستیان بێت بۆ گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی بدەن، بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی تورکیاش پشوودرێژی بنوێنێت و ئەو شەڕە لە هەندێک شوێن بووەستێنێت".
هەروەها راشیگەیاند" لە بیرمان نەچێت لە 1 ی مانگی 11 ی تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت، زۆر گرنگە بەر لەو وادەیە ئاگربەست رابگەیێندرێت، بۆئەوەی هەدەپە بە چانسێکی سیاسیانەی زیاترەوە بێتەوە نێو هەڵبژاردنەکان، بۆئەوەی بتوانرێت سیاسەت لە باکووری کوردستان سەرکەوتووبێت، چونکە دەبێت سیاسەتی باکوور چەک کۆنترۆڵ بکات، ناکرێت ئەوانەی چەک بەکاردێنن و شەڕخوازن سیاسەت لە باکوور کۆنترۆڵ بکەن".
دەربارەی پەیامی پارتی بۆ بارودۆخی ئێستای تورکیا هەورامی گوتیشی" ئێمە وەکو پارتی پەیاممان زۆر روون و ئاشکرایە، ئێمە هەوڵدەدەین بەشێکبین لە چارەسەر، بە هیچ شێوەیەک نە لە پێشووتر و نە لە ئێستا و نە لە ئایندەش بەشێک نابین لەو چارەسەرە سەربازیانەی بەرامبەر بە مەسەلەی کورد ئەنجامدەدرێت، پێشمان وانییە مەسەلەی کورد لەڕێگەی سەربازییەوە پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها دەبێت هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ ئەو پەیامەی کە بەرێز ئۆجەلان رایگەیاند، چونکە پێمانوایە پەیامەکەی ئۆجەلان گرنگە، هەروەها دەبێت زیاتر گوێ لە بەرێز ئۆجەلان بگیرێت و قەندیلیش زیاتر گوێ بەقسەکانی هەدەپە و ئۆجەلان بدات".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی جەختیشیکردەوە، ئەوان بە تووندی ئیدانەی ئەوە دەکەن، کە خەڵکی سڤیلی کورد چ لە باشووربێت یاخود لە باکوور بکرێنە ئامانجی شەڕەکان، گوتیشی" ئێمە پشتیوانی لە براکانمان دەکەین لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیانە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نێوان نەتەوەی کورد و تورک ئەو ململانێیەی کە هەیە بەرەو کۆتایی بچێت، بەداخەوە لە بەشێک لە شارەکانی تورکیا دەیبینین خەڵکی کورد لەسەر ناسنامەی کوردبوون پەلامار دەدرێت".
هەروەها گوتیشی " جەنابی کاک مەسعود و جەنابی کاک نێچیرڤانیش لە رابردوو و ئێستاش لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا پەکەکە وەکو تیرۆریست نەناساندووە، پێشمانوانییە بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان تیرۆریزم بێت، بەڵام دەبێت سیاسییەکانی کوردستانیش ئەو دەرفەتە ئاشتی و دیموکراتییەی لە باکوری کوردستان هاتووەتە ئاراوە، لەدەست نەدەن".
شاندی پارتی، یەکێتی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی چەند رۆژێک لە تورکیا بوون.
رووداو
