لە کەرکووک 45 کەس بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیركران

لە کەرکووک 45 کەس بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیركران
هێزەكانی ئاسایش لە كەركووك بە هاوكاری هێزەكانی لیوای یەكی بەرگری و فریاكەوتن، 45 كەس بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیردەكەن.
رۆژی دووشەمە 14 ی ئەیلوولی 2015، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا، عەمید سمكۆ محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی كەركووكی یەکێتی رایگەیاند "دوای كۆنترۆڵكردنی گوندەكانی باشووری كەركووك لە 11ی سێپتەمبەر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، 45 كەس كە پێشتر چەكداری داعش بوونە و لە شەڕەكانی دژ بە پێشمەرگە بەشداریيان كردووە، دەستبەسەركراون".
عەمید سمكۆ گوتیشی " هێزەكانی لیوای یەكی بەرگری و فریاكەوتن زانیارییان هەبووە لەسەر ئەوەی چەكدارانی داعش دەیانەوێت خۆیان بخەنە نێو ئەو خێزانانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشەوە هەڵدێن، بۆیە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە ئەو 45 كەسە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوور بووە و چەكداری داعش بوونە و، بەشداری سەرەكیان هەبووە لە شەڕەكانی دژ بە پێشمەرگەدا".
هەروەها 7 ی ئەم مانگە، ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك رایگەیاند، كە لەماوەی مانگێكدا 99 داواكراو و گومانلێكراویان دەستگیركردوون و بەشێك لەوانیش چەكداری داعشن.
Top