مه‌سروور بارزانی: بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه ده‌بێ چاو به ستراكتوری سیاسی بخشێنرێته‌وه..به‌رپرسیارێتییه‌كه له‌ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 14/9/2015 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی به‌لجیكا به سه‌رۆكایه‌نی سیناتۆر (د. ئالان دێستیك) كرد.
له دیدارێكدا، كه به ئاماده‌بوونی هه‌ر یه‌ك له سیناتۆر( سۆنیا كلاس) و سێناتۆر (پۆڵ دێن دریشه) و ژماره‌یه‌ك راوێژكار و یاریده‌ر و (دلاوه‌ر ئاژگه‌یی) نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كێتی ئه‌وڕوپا به‌ڕێوه‌چوو، شاندی میوان دڵخۆشی خۆیان به‌رانبه‌ر سه‌قامگیری و ئارامی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و سوپاسی قوربانیدانی و خۆڕاگری هێزی پێشمه‌رگه‌یان كرد، سه‌رۆكی شانده‌كه ئاماژه‌ی به‌و ژماره‌ی زۆره‌ی په‌نابه‌ران كرد، كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین و گوتی: گه‌لی كورد، گه‌لێكی مرۆڤدۆست و ئاشتیپهروهرن و پێویسته له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هاوكاری زیاتر بكرێت.
له دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه مێژووییه‌كان و هۆكاری گرفته‌كانی ئێستای ناوچه‌كه كرا. له‌وباره‌وه (مه‌سروور بارزانی) به تێروته‌سه‌لی باسی له بارودۆخه‌كه كرد و په‌نجه‌ی له‌سه‌ر هۆكاره‌كان دانا، كه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه ئارامی و سه‌قامگیری به‌خۆوه نه‌بینێ و گوتی: ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ناوچه‌كه سه‌قامگیر بێت، پێویسته چاو به ستراكتوری سیاسی ناوچه‌كه‌دا بخشرێنرێتهوه، به پله‌ی یه‌كه‌میش ئه‌مه به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكخرایه سه‌ر شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و پێشڕه‌وییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و دووپات له‌وه كرایه‌وه، كه هه‌رێمی كوردستان پێویستی به پشتیوانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه.
له كۆتاییدا شاندی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی به‌لجیكا رایانگه‌یاند، كه له‌لای خۆیانه‌وه له ئه‌نجوومه‌نی پیران هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان ده‌ده‌ن وڵاته‌كه‌یان و یه‌كێتی ئه‌وڕووپا له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا هاوكاری زیاتری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
