خۆشناو: نێچیرڤان بارزانی سەرقاڵی چاكسازیی ریشەییە.. هەنگاوەكانی پەرلەمان لەژێر گوشاردایە
(ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، رایگەیاند: "بە وردی ئاگادارم كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە تایبەتی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیران، پڕۆژەیەكی لە بەردەستایە و سەرقاڵی دیراسە و ئامادەكارین تا چاكسازییەكی ریشەیی لە هەموو بوارەكاندا بكرێت، ئەمەیش نەك تەنیا لە پێدانی مووچە و پێداچوونەوە بە مووچەدا، بەڵكە پێداچوونەوە بە كۆمەڵێك بارقورسیدا دەكرێت كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەسەر حكوومەت كەڵەكە بوون، ئێستایش سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئامادەكاریدایە و چەندین هەنگاویش نراون، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە چاكسازییەی سەرۆكوەزیران لە داهاتوویەكی نزیكدا بچێتە واری جێبەجێكردنەوە".
پێوەست بە هەنگاوەكانی پەرلەمانیش (خۆشناو) گوتی: "ئەو هەنگاوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ژێر گوشاری ئەو زانیاریانەدا بووە كە ئاگاداری پڕۆژەی چاكسازیی ریشەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، بۆیە ویستیان هاوشانی ئەو پڕۆژەیە وا رابگەیەنرێت كە خاوەنی ڕای خۆیانن، ئەوەیش بە دیدی من لەژێر گوشاردا بووە، ئەگینا پڕۆژەی چاكسازی، پڕۆژەی حكوومەتە و پەرلەمان دەبێت بە بنەمای بگرێ، نەك پەرلەمان پڕۆژەی لەو بابەتەی هەبێت".
سەبارەت بە پڕۆژەكەی فڕاكسیۆنی پارتییش بۆ پێداچوونەوەی مووچە و دادپەروەری لە مووچەدا، (ئومێد خۆشناو) دەڵێت: "زیاتر لە نۆ مانگە پڕۆژەی پێداچوونەوە بە مووچەی پلە تایبەت و باڵاكان و رێكخستن و بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەرێكی ئاسایی و پلە باڵاكانمان پێشكەش كردووە و، خوێندنەوەی یەكەمیشی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ كراوە، هەمیشە وەكو فڕاكسیۆنی پارتی داكۆكیمان لەوە كردووە كە پێمان وایە كەلێنێك لە نێوان هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی ئاسایی و پلە باڵا و تایبەتەكانی ئەو وڵاتەدا دروست بووە، زۆر جار قسەمان لەو بارەیەوە كردووە كە دیوارێك لە نێوان پەرلەمان و هاووڵاتی و فەرمانبەری ئاساییدا هەیە، بۆیە ناكرێت چیدیكە لەو نادادپەروەرییە بێدەنگ بین، هەر لەبەر ئەوەیشە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا كە دوور لە موزایەدەی سیاسی و یەكترشكاندن و دەسكەوتی حزبییە، ئەو پرۆژەیەمان پێشكەش كردووە و سووریشین لەسەری و دەسبەرداری نابین".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی زیاتر گوتی: "یەكەم فڕاكسیۆن كە پێداچوونەوەی مووچە و دادپەروەری لە مووچەدا پێشكەش كرد، فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بوو لە پەرلەمان، ئێستایش پڕۆژەكەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كراوە، تەنیا ئەوەیش ماوە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان داوا لە لیژنە پەیوەندیدارەكان بكات راپۆرتی تایبەت بەو بابەتە ئامادە بكەن و بخرێتە بەرنامەی كارەوە، ئەوەتا دەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوەیە با بێت لەو وەرزەدا هەنگاوی جیددی بۆ بنێت، تا بتوانین چاری ئەو بابەتە بكەین كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندایە".
