سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی پیرانی بەلجیكا دەكات
لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیان كرد و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لەو خەباتەدا بەرز نرخاند و هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە تێكۆشان و خەباتگێڕییان، بارزانیی نەمریان بە قارەمانێكی مێژوویی وەسف كرد. شاندی میوان ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە گەلی بەلجیكا هاوسۆزییەكی تایبەتیان لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیە و جەختیشیان لەوە كردەوە كە كۆمەڵگەی دەولی دەبێ سوپاسگوزاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت كە هاوكاری پەنابەرانیان كردووە و سەرباری بوونی كێشە و قەیران، سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماویان وەخۆ گرتووە. هەروەها ئامادەیی خۆیشیان نیشاندا كە بە هەموو توانایەك لە هەوڵی ئەوەدا دەبن كە وڵاتەكەیان و یەكێتیی ئەوروپا هاوكاریی زیاتری سەربازی و مرۆیی پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكەن.
لەبەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە شاندی میوان داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد بۆچوون و سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان و بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بخاتە ڕوو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی بەلجیكا و وڵاتانی هاوپەیمانانی كرد بۆ هاوسۆزی و یارمەتیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە و لە وتەیەكیدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە كاری هەمەلایەنە و هاوكاریی وڵاتان دەكرێت و جگە لە شەڕی سەربازی پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیشەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و جیاوازیی تاییفە و ئایین بەلایەوە گرنگ نییە و هەرگیزیش نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفییەی لە ناوچەكەدا لە ئارا دایە و دەستی دۆستایەتی و ئاشتی بۆ هەموو پێكهاتە و تاییفەیەك درێژ دەكات. لەبارەی قۆناغی دوای شكستدانی تیرۆریستان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە گەرەنتی وا هەبێت كە خەڵك بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.
باسكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەروەها داهاتووی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.
