فرسەت سۆفی: پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نییە

فرسەت سۆفی: پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نییە
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە پەرلەمانی عێراق ناتوانێت یاسا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دابنێت و هەرێمی کوردستان بەم جۆرە یاسایانە پابەند نابێت.

لە روونکردنەوەیەکدا، کە لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری کوردستان تیشک دەخاتە سەر ئەو هەواڵانەی ”چەند ئەندام پەرلەمانێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق“ بڵاویدەکەنەوە، بەوەی هەوڵدەدەن لە پەرلەمانی عێراق، یاسایەک بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دابڕێژن.

ئەو پەرلەمانتارە، کە بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی هەیە، ئاماژە بەوەدەکات، کە هیچ یاسایەکی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان کاری پێبکرێت، تەنیا ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکرێت.

بەپێی گوتەکانی فرسەت سۆفی، ”نابێ لە ژێر هیچ پاساوێك رێگە بدەین ئەو مافە یاسایی و دەستوورییەی پەرلەمانی كوردستان هەیەتی بۆ بەركاركردنی یاسا ئیتیحادیەكان، لێی وەربگیرێتەوە“.

دەقی روونکردنەوەکەی فرسەت سۆفی:

روونكردنەوەیەكی یاسایی:

د.فەرسەت سۆفی

چەند رۆژێكە لە راگەیاندنەكان و لە سەر زاری چەند ئەندام پەرلەمانێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە بڵاو دەكرێتەوە كە دەیانەوێت لە رێگای دەركردنی یاسایەك لە عێراق پرسی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر بكەن ، ناوەرۆكی یاساكەش كە ئێستا وەك پرۆژە لە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بریتیە لە دیاری كردنی ماوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بۆ دوو خول. وێرای ئەوەی من پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكەم كە پرنسیپی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات بە شێوەی دیموكراسیانە مسۆگەر بكات، بەڵام لە رووی یاسایی ئەم تێبینیانەی خوارەوە دەخەمە روو:

1- ناكرێت یاساكانی كە لە عێراق دەردەچن لە هەرێمی كوردستان بەركار ببن تا لە لە لایەن پەرلەمانی كوردستان بە هەمان رێكارەكانی یاسادانان بەركار نەكرێن، چونكە بە پێی برگەی دووەم لە ماددەی 121 لە دەستوری عێراقی فیدرالی ساڵی 2005 پەرلەمانی كوردستان مافی هەیە هەمواری جێبەجێكردنی یاسا ئیتیحادیەكان بكات، لە كاتی بوونی دژیەكی و ناكۆكی لە نێوان یاسای ئیتیحادی و یاسای هەرێمی كوردستان، لەو بابەتانەی ناكەونە دەسەڵاتە حەصریەكانی ئیتیحادی.


2- بە پێی بریاری ژمارە(11) لە 31/8/1992 لە پەرلەمانی كوردستان هاتووە: هیچ یاساو بریارێكی حكومەتی ناوەندی جێبەجێناكرێت تا پەرلەمانی كوردستان بریاریان لە سەر نەدات. هەروەها لە ماددەی 141 لە دەستوری عێراق ئیعتراف كراوە بە هەموو ئەو یاساو بریانەی كە هەر لە ساڵی 1992 وە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوونە. واتە بریاری ژمارە 11 كە لە سەرەوە باسمان كرد بە پێی دەستور دانپێدانراوە.


3- بە درێژایی ماوەی رابردوو هەموو یاساكان كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچوونە ئەگەر ویسترابێت لە كوردستان بەركاربكرێن لە لایەن پەرلەمانی كوردستان بە دەنگدان ئینفاز كراون. هیچ كات نەبووە یاسایەك لە بەغدا دەرچووبێت و راستەوخۆ لێرە بەركار بووبێت، دەبێ لە هەموو حاڵەتەكان بە پەرلەمانی كوردستان تێپەر ببێت.


4- ئەم بابەتە بە هێچ شێوەیەك ناتوانێت پرسی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر بكات و پێم وایە پەیوەندیان بەیەكەوە نیە. هەروەها لە ماددەی سێیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ولایەتی سەرۆكی هەرێم دیاری كراوە كە بۆ دوو خولە، واتە ئێمە دەقمان هەیە بەڵام كوردستان بە دۆخێكی نائاسایی تێپەر دەبێت و ناتوانرێت لەم كات و ساتە هەڵبژاردن بكرێت، بۆیە ئێمە لە قەیرانی سەرۆكایەتی داین نەك لە بەر ئەوەی دەقێكمان نەبێت بۆ دیاری كردنی ولایەتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم.


5- نابێ لە ژێر هیچ پاساوێك رێگە بدەین ئەو مافە یاسایی و دەستوریەی كە پەرلەمانی كوردستان هەیەتی بۆ بەركاركردنی یاسا ئیتیحادیەكان لێی وەربگیرێتەوە. چونكە ئەوە مافێكی گرنگی هەرێمی كوردستانەو نابێ بە هۆی قەیرانی سەرۆكایەتی و ململانێی حزبی لێدوانی وابدرێت كە یاساكانی ئیتیحادی لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەبن. تەنها ئەو كاتە یاسا ئیتیحادیەكان پێویستیان بە ئینفاز كردن نیە ئەگەر پەیوەست بن بە دەسەڵاتە حەصریەكانی حكومەتی ئیتیحادی كە لە ماددەی 110ی دەستوری عێراق باسیان لێوە كراوە.


6- لە بەر رۆشنایی ئەم چەند خاڵەی كە لە سەرەوە باسم كردن ئەم یاسایەی كە بریارە لە عێراق دەربچێت بۆ دیاری كردنی ولایەتی هەر سێ سەرۆكایەتی تەنانەت ئەگەر تیایدا بنووسرێت بۆ هەرێمەكانیشە لە كوردستان جێبەجێ نابێت تەنها لەو حاڵەتە نەبێت كە لە لایەن پەرلەمانی كوردستان بەركار نەكرێت.









باسنیوز
Top