پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ نزیكە

 پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ نزیكە
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە دانراوە، پێویستە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا كە مانگێك بۆ مانگ و نیوێكی دیكەیە، حكوومەتی عێراق بتوانێت بێجی و شەرگات رزگار بكات، بۆ ئەوەی بەرنامە دابنێت بە هاوكاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا ئەگەر هەموو مووسڵیش رزگار نەكرێت، شار و شارۆچكەكانی دەروبەر و لای چەپی شاری مووسڵ رزگار بكرێن.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "لە دواكۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسی سەركردەكانی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ، بابەتی ئازادكردنی ئەو شارەمان گفتوگۆ كرد لەگەڵ ئەو كێشە و گرفتانەی لە بەردەم دەستپێكردنی پرۆسەكەدا هەن".
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئەو ماوەیەی كە دانراوە بە پشتگیریكردنی ئێمە و ئەمەریكایە و، پێویستە ئەو هێزانەی مووسڵیش كە لە سنووری تكریت و ئەنبارن، بگەڕێنەوە بۆ مووسڵ تا لە سەربازگەكانیاندا ئامادە بكرێن".


(شاخەوان عەبدوڵڵا) زیاتر ڕوونی كردەوە: "ئەو بەرنامەیەی كە دانراوە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا كە مانگێك بۆ مانگ و نیوێكی دیكە حكوومەتی عێراق بتوانێت "بێجی" و "شەرگات" رزگار بكات بۆ ئەوەی بەرنامە دابنێت بە هاوكاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ئەگەر هەموو مووسڵیش رزگار نەكرێت، شار و شارۆچكەكانی دەروبەر و لای چەپی شاری مووسڵ رزگار بكرێن، ئەگەر ئەوان وایان نەكرد پێم وایە ئەمەریكا بڕیار دەدات لەگەڵ هێزێكی سوننە و بە هاوكاریی پێشمەرگە ناوچەكە ئازاد بكرێت".
شایەنی باسە، لە شەوی 9/10ـی حوزەیرانی پارساڵ شاری مووسڵ كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و تا ئێستایش رزگار نەكراوە.
Top