عه‌لی ته‌ته‌ر: شۆڕشی ئهیلوول بۆ یه‌كه‌م جار حكوومه‌تی عێراقی ناچار كرد دانوستاندن له‌گه‌ڵ كورد بكات
(د. عه‌لی ته‌ته‌ر) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به ده‌ست هاتوون، به‌رهه‌می شۆڕشی ئهیلوول بوونه، شۆڕشی ئهیلوول له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌ورو و كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو، به حوكمی ئه‌وه‌ی شۆڕشی ئهیلوول درێژترین شۆڕشه له بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد دا، ڕێبهڕێكی كاریزما و گه‌وره‌ی وه‌ك (بارزانی نه‌مر) سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ده‌كرد، توانی بۆ چه‌ندین جار حكوومه‌تێكی داگیركه‌ر ناچار بكات له‌گه‌ڵ كورد دانوستاندن بكات، كه سه‌ر ئه‌نجام ڕێككه‌وتنی 11ـی ئازاری لێ كه‌وته‌وه، ئه‌وه‌یش هه‌موو ده‌ورو كاریگه‌ری شۆڕشی ئهیلوول پیشان ده‌ده‌ن كه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی پاش ئه‌و شۆڕشه به ده‌ست هاتوونه؛ هه‌ر له‌ژێر گاریكه‌ری و ده‌وری شۆڕشی ئهیلوول بووه، كه شۆڕشی گوڵان به‌و شێوه‌یه هاته مه‌یدان، كوردان ئه‌و هێزه‌یان بۆ دروست بوویه‌وه به‌رانبه‌ر به حكوومه‌تی به‌عس بوه‌ستنه‌وه، چونكه شۆڕشی ئهیلوول كه یه‌كێك له ده‌ستكه‌وتی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌و شۆڕشه باوه‌ڕی بۆ كوردان دروست كرد كه بتوانن به‌رامبه‌ر هه‌ر مه‌ترسی و ته‌حه‌دایه‌ك خۆڕا بگرن، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆ به ده‌ست هاتوون وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، حكوومه‌ت، په‌رله‌مان ده‌ستكه‌وتی ئه‌و شۆڕشه بوونه.
گوتیشی: شۆڕشی ئهیلوول به هێزترین و فراوانترین هه‌وڵی كورد له سه‌ده تاریكه‌كه‌ی بیسته‌م بوو بۆ به‌رگریكردن له بوون و ناسنامه‌ی خۆی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه به ده‌ستپێكێكی ئامانجدار و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد هه‌ژمار ده‌كرێت كه كاریگه‌ری له دوای خۆیه‌وه جێ هێشتووه، هه‌م له ڕووی ده‌ستكه‌وتی سیاسی و هه‌میش له رووی گه‌شه‌سه‌ندنی كولتووری سیاسی داڕێژراو و ئامانجدار ڕێكخستووه، سه‌ركرده و جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه و ڕۆشنبیر و ته‌نزیم و حزب و ستراتیژی و تاكتیك هه‌ر هه‌مووی حزووریان هه‌بوو.
