دۆسێی ئێزدیان له‌ كۆبوونەوەكانی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەمڵی لە جنێڤ باسده‌كرێت

 دۆسێی ئێزدیان له‌ كۆبوونەوەكانی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەمڵی لە جنێڤ باسده‌كرێت
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی ‌شنگار وشه‌هیدكردن وبێسه‌روشوێنكردنی هه‌زاران كوردی ئێزدی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەكانی خولی نۆیەمی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەمڵی كرد كە هه‌فته‌ی رابردوو لە جنێڤ لە سویسرا سازکرا.
لەمبارەیەوە، دیندار زێباری، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، لەلێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، "لە وتارەكەماندا كە بەناوی حكومەتی هەرێمەوە پێشكەشمان كرد، جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە رزگاركردنی هەزاران كوردی ئێزدی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پابەندبوونی هەرێم بە رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ دووپات دەكاتەوە و ئاماژەشمان بەوە دا گەلی كورد هەمیشە بەدەستی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقدا سیاسەتی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ لە دژدا پەیڕەوكراوە، وكورد گەورەترین قوربانی ئەم سیاسەتە بووە بە بەڵگەی بێسەروشوێنكردنی كوردی فەیلی لە نێوان ساڵانی 1980-1990و پرۆسەی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی و 182000 كوردی بادینان و گەرمیان، ئەم تاوانانە بە كۆتایی هاتنی رژێمی بەعس كۆتاییان نەهات، بەڵكو تا ئێستاش بەردەوامە دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە هەزاران هاووڵاتی كوردی ئێزیدی بێسەروشوێن كرد كە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە".
ئاشكراشیكرد، ژمارەی ئەو كوردە ئێزیدییانەی كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە رفێندراون 5838 كەسە كە 3192یان ئافرەت و2646یان پیاو بوون و تاكو رێكەوتی 16/8/2015 توانراوە 2080یان رزگار بكرێن لەوانە 785 ژن و 302 پیاو و 483 منداڵی مێ‌ و 510 منداڵی نێر و پێداویستی ماددی و مەعنەوی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی بۆ دابین كردوون.
هاوكات هەوڵەكانی حكومەت لەم بارەیەوە لەسەر ئاستی ناوخۆش هەر بەردەوامی هەبووە، و هەفتەی رابردوو داواكاری پێشووی گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لویس مۆرینۆ ئۆكامبۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە پەرستگای لالش چەندین خاڵی گرنگی لەبارەی بەنێودەوڵەتیكردنی ئەم كەیسە و ناساندی بە جینۆساید روونكردەوە.
ئۆكامبۆ ئاماژەی بەوەدا "بەجینۆساید ناساندنی ئەم كەیسە چەندین پرسی گرنگ بۆ كوردی ئێزدی مسۆگەر دەكات كە گرنگترینیان هاتنەدی عەدالەتە پاشان ئارامی وپاراستنی ئەوان وزامنكردنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم تاوانانە لەدژی ئەوان ئەمە جگە لەقەرەبۆكردنەوەیان لەڕووی ماددی ومەعنەویەوە".
دووپاتیشیكردەوە، "كار بۆ ئەوە دەكرێت كە لەدەرەوەی چوارچێوەی بەغدا ئەم كەیسە پێشكەشی دادگای نێودەوڵەتی بكرێت چونكە تا ئێستا عیراق لەم دادگایەدا ئەندام نیە وئەوەی خستەڕوو کە لەمانگی نۆڤەمبەر/ تشرینی یەكەمی ئەمساڵ 123 دەوڵەتی ئەندام لەلیژنی جینۆساید كۆ دەبنەوە" کە بەدەرفەتێكی باشی دانا بۆ ئێزدیان وبۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەشكردنی كەیسی ئێزدیان بۆ دادگای نێودەوڵەتی.
هاوكات لەلێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی چۆنێەتی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم رووداوە وسزادانی تاوانبارانیەوە، رونیكردەوە " گرنگترین شت لەمبارەیەوە سەلماندنی بەجینۆسایدبوونە بە پێشكەشەكردنی بەڵگەی پێویست".
ئەگەرچی نەیشاردەوە لەمەسەلەی میلیشیا وگرووپی تیرۆریستیدا ئەم پرسە ئاڵۆزە وئاسان نیە بەتایبەتی لەبارەی دەستگیركردنی كەسانی داواكراو و تاوانبار لەم كەیسانەدا ونموونەشی بەچەندین بەرپرسی وڵاتان هێنایەوە كە لەبارەی تاوانی گەورەوە داواكرابوو و یەكێك لەوان موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا بوو بۆیە بە پێویستی زانی بەر لە هەموو شتێك قەرەبووی قوربانیان بكرێتەوە وكار لەسەر بەجیهانی ناساندنی ئەم كەیسە بكرێت بەوەی كە بە جینۆساید پێناسە بكرێت وئێزدیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان وئارامی وسەقامگیریان بۆ دووپات بكرێتەوە.
وەك ئۆكامبۆ رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پرسی پێشكەشكردنی ئەم كەیسە بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەبێ بەغدا پێشكەش دەكرێت وعیراق ئەندام نییە لەم دادگایەدا، رەنگە كارەكە وا ئاسان نەبێت.
لەمبارەیەوە پەری ئیبراهیم، دامەزرێنەر وئەندامی دەستەی كارگێڕی دەزگای ئێزدیە كە دامەزراوەیەكە بۆ بەرگریكردن لە مافی كوردانی ئێزدی و بەجینۆسایدكردنی كەیسی کۆمەڵکوژیی كوردانی ئێزدی، لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی راگەیاند، "لەو سەردانەی داواكاری گشتی پێشووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە لەسەر دەستپێشخەری دەزگاكەیان بوو باس لە دۆزینەوەی شێوازێكی یاسایی دەكرێت بۆ پێشكەشكردنی كەیسی كوردانی ئێزدی بەتایبەتی ئەگەر ئەندامێك یان چەند ئەندامێكی ئەم دادگایە داواكە پێشكەشی دادگا بكەن و دوای ئەوەی جینۆسایدبوون بەشێوەیەكی یاسایی دەسەلمێندرێت ئەوكاتە كاری دیكەی لەسەر دەكرێت".
ئاماژەی بەوەشدا کە "بەڵگەكان زۆرن و تاوانەكە بەشێوەیەكی وا دڕندانە ونامرۆڤانە ئەنجامدراوە كە لەچەندین لایەنەوە دەتواندرێ بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانەكانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و هەموو رێكارە یاساییەكانی لەگەڵدا بگیرێت".
Top