مه‌سروور بارزانی بۆ یوئێن: ده‌بێ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی نا ته‌قلیدی بدۆزرێته‌وه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 10/9/2015 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له جان كۆبیس نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا سه‌ره‌تا نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ت رهخساندنه و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی، پاشان تیشكی خسته سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه و رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كانم بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئێوه به‌شێكن له چاره‌سه‌ر و نموونه‌یه‌كن له ناوچه‌كه‌دا.
پاشان (مه‌سروور بارزانی)، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، باسی له كێشه مێژووییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كێشه‌ی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه په‌یوه‌ندی به ستراكتوری عێراق و ئه‌و بێ متمانه قوڵه هه‌یه، كه له نێوان پێكهاته‌كان و لایه‌نه سیاسییه‌كاندا هه‌یه، بۆیه ده‌بێ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی نا ته‌قلیدی بدۆزرێته‌وه، كه چۆن ئه‌و پێكهاتانه به‌یه‌كه‌وه كۆده‌كرێته‌وه، چونكه له داڕشتنی سنووره‌كاندا پرس به خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌كراوه، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵێكی كاراتر بگێرێ و به‌سیاسه‌تێكی مۆدێرنه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق روونیكرده‌وه، پێویسته هه‌نگاوه‌كان به پرس و راكردن به پێكهاته‌كانی دیكه بێت و رایگه‌یاند: نابێ چاكسازی ئابووری له‌سه‌ر حسابی چاكسازی سیاسی بێت، پێویسته هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه بكرێن بۆئه‌وه‌ی كه‌لێن و دوراییهكانی هه‌ن قوڵتر نه‌كاته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باسی له پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و ئه‌و ژماره زۆره‌ی په‌نابه‌ران كرد، كه روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و رایگه‌یاند ، ئه‌وه‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه نموونه‌ی پێگه‌یشتنی پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌رێمه و جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه بۆچوونی جیاواز به‌رامبه‌ر پرسه‌كان هه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا گه‌ڕانه‌وه بۆ گه‌ل باشترین بژارده‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه و زیاتر دیموكراتیتره، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه ململانێی نێوان پارته سیاسیه‌كانی كوردستان كاریگه‌ری نه‌كردۆته سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاساییشی كوردستان به یه‌كگرتوویی و هاوبه‌شی له راپه‌ڕاندنی ئه‌ركی خۆیان به‌رده‌وامن و ئومێدی خواست پارته سیاسییه‌كان بگه‌نه رێككه‌وتن.
