مهسروور بارزانى: پارتى زۆری به لایهنهكان بهخشی، كهچی دژی وهستاونهتهوه
(مهسروور بارزانی) هیوای خواست كه، ئهو گرفت و لێكتێنهگهیشتنهی كه ههیه بهرێگهی دیالۆگ و سازان و لێكتێگهیشتن چاره بكرێت؛ ههروهك بۆ ئامادهبووانی شیكردهوه كه، پارتیی دیموكراتی كوردستان ئامادهیى تهواوى دهربڕیوه بۆ دهربازكردنى ههرێم لهو قهیرانانه، چونكه ئامانجی پارتی بریتیه له گهیاندنی ههرێمی كوردستان به مافی چارهی خۆنووسین.
(مهسروور بارزانی) ئهندامی مهكتهبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان له كۆڕێكی بهرفراواندا بۆ كادیر و ئهندامانی پارتیی دیموكراتی كوردستان له سنووری لقی دووی پارتییدا رایگهیاند: "زۆر جار دەبینین لەسەر حیسابی پارتی زۆر موجامەلەی خەڵک و لایەنەکانی تر کراوە؛ ئێمە کە دەچینە هەڵبژاردن، وەکو ئەوە وایە بەشداری لە پێشبڕکێیەکدا بکەیت، لە پشبڕکێکەدا هەرکەسێک وەرزشوان بێ، یا هەر چ کەسێک مەبەستی ئەوەیە بیباتەوە، ئێمە لە هەموو ئەو پێشبڕکێانەی کە هەمانبووە، لە هەڵبژاردنەکانی کە هەمانبووە، وەکو پارتی بردوومانەتەوە، سەرکەوتنی گەورەیشمان بە دەست هێناوە لە هەڵبژاردنەکاندا؛ کەچی لە ئەنجامدا وەکو پێویست مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەکاندا نەکراوە و، لەسەر حیسابی ئێوە و پارتی، خەڵکی تری پێ ڕازی کراوە، جا ئەوان لەجیاتی ئەوەی سوپاسگوزاری پارتی بن و، مەمنوون بن لەو هەڵوێستەی پارتی، بە پێچەوانەوە، هاتوونە دژی پارتی ئەمەیان بە کار هێناوە، کە بینیمان مەسەلەی زۆرینە و کەمینە ئێستا دێتە بەر باس، زۆر دیارە چۆن بووە و، چۆن ئەم خەڵکانە ئەم پۆستانەیان بە دەست هێناوە، لەسەر حیسابی زەحمەت و ڕەنج و دەنگ و ڕەنگی ئێوە هاتوونەتە ناو حکوومەت و ئەو هەموو ڕێگەیشیان پێ دراوە، هەڵبەت ناڵێم کارێکی هەڵە بووە کراوە، چونکە پارتی ویستویەتی هەمیشە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی و کوردستان لەبەرچاو بگرێ، نەک بەرژەوەندیی تەسکی حزبی".
(مهسروور بارزانی) راشیگهیاند كه، ''حەقیقەتێکە جەنابی سەرۆک دوای ئەوەی سەردانی ئەمەریکای کرد، لەگەڵ ئۆباما و لەگەڵ بایدن و لەگەڵ هەموو بەرپرسەکانی ئەمەریکادا، لەوێ دانیشتنیان دەکرد، من لە خزمەتیدا بووم، زۆر بە ڕاشکاوی دیار بوو کە تا چەند دنیا ئامادەیە پشتگریی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکا.''
لە بەشێكی دیكەی كۆڕهكهدا (مهسروور بارزانی) دەڵێت: "ڕاگەیاندنەکان کە باس دەکەن دەڵێن پارتی نایەوێ سیستمەکە پەرلەمانی بێ؛ ئێمە دەڵێین پەرلەمانی بێ، پارتی دەڵێ سەرۆکایەتی بێ! ئەمە وا نییە، ڕاست نییە؛ پارتی داوای سیستمی سەرۆکایەتیی نەکردووە، ئەو سیستمەیش لە کوردستاندا هەیە، سەرۆکایەتی نییە؛ سیستمێکی تێکەڵە، چونکە لە سیستمی سەرۆکایەتیدا، هیچ دەزگای جێبهجێكار ناچێتە بەردەم پەرلەمان، سیستەمی ئەمەریکا سیستەمی سەرۆکایەتییە؛ حکوومەت ناچێتە بەردەم پەرلەمان."
لێرە کە سەرۆک بڕیاری هەڵوەشاندنەوە یان چارهكردنی پەرلەمانی بە دەستەوە نەبێ، نەتوانێ ڤیتۆ بەکار بێنێ بەرامبەر بە پەرلەمان، مەعنای وایە کە ئەمە سیستمی سەرۆکایەتی نییە؛ ناردنی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی وڵات، خۆتان لەبیرتانە، لە کۆبانی کە پێویستی بە پێشمەرگە بوو، جەنابی سەرۆک داوای لە پەرلەمان کرد، دوای ڕهزامهندیی پەرلەمان پێشمەرگە نێردرا بۆ کۆبانێ، کەواتە کەی ئەمە سەرۆکایەتی یان سیستمی سەرۆکایەتییە؟ ئەوان کە دەڵێن سیستمی پەرلەمانی، سیستمی پەرلەمانی ئەسڵەن پێناسەی ناکەن، با بێن، خۆ یەک سیستم نییە؛ هەتا سیستەمی پەرلەمانی چەند جۆری هەیە، هی سەرۆکایەتی چەند جۆری هەیە، سیستمی تێکەڵ هەیە؛ ئەو سیستمەی کە ئەوان دەیڵێن، سیستمی پەرلەمانی نییە، سیستەمی دیکتاتۆریەتی پەرلەمانییە؛ وا دەتوانم بیسهلمێنم، بۆ؟ ئێمە وەکو پارتی لەسەر ئەو ڕایەین کە دەبێ دەسەڵات دابەش بکرێت؛ باڵانسی دەسەڵات هەبێ؛ کەواتە سیستەمی جێبەجێکار، حکوومەت و سەرۆکایەتییە؛ سیستمی یاسادانان کە پەرلەمانە؛ ئینجا سیستمی دادوەرییش؛ ئەم سێ پێگەی دەسەڵاتە، هەرسێکیان ئەبێ دەسەڵاتێکی یەکسانیان هەبێ، حوکمڕانی بکەن لە وڵات، ئەوان بەو شێوەیەی کە داوای دەکەن، دەڵێن هەموو شتێک دەبێ بێتە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمان؛ یەعنی هەیمەنەی پەرلەمان زاڵ بێ بەسەر دادوەری و، بەسەر سەرۆکایەتی و بەسەر ئەنجوومەنی وەزیران و، بەسەر سیستمی حوکمڕانی هەموویدا! واتە هەموو بڕیارێک دەبێ بچێتەوە پەرلەمان! بۆ وا دەڵێن؟ ئایا نازانن ئەمە ڕاست نییە؟ یان باشترین و گونجاوترین سیستم نییە؟ با زۆر چاک دەزانن، بەڵام ئەوەی دەیزانن بە خەڵک نایڵێن."
