سەرۆك بارزانی : نابێ دەوڵەتان تیرۆر وەك كارتێك بەكار بهێنن بۆ گوشارهێنان لەدژی یەكتر چونكە دواجار ئاگری تیرۆر ئەوانیش دەسووتێنێت

سەرۆك بارزانی : نابێ دەوڵەتان تیرۆر وەك كارتێك بەكار بهێنن بۆ گوشارهێنان لەدژی یەكتر چونكە دواجار ئاگری تیرۆر ئەوانیش دەسووتێنێت
ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەمەد عەتیق ئەلفەلاحی ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ڕاشد محەمەد ئەلمەنسوری كۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر و ئەندامانی مانگی سووری ئیمارات.

لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی سڵاوی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و لە گوتەیەكدا ستاییشی ئەو پێكەوەژیان و پێشكەوتنەی كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پاراستنی پێكهاتەكان و پەنادانی ئاوارەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند. هەروەها دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد كە بە قوربانیدانی خۆیان وڵاتەكەیان و ئاساییشی ناوچەكە و جیهان دەپارێزن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی سەرۆك بارزانی لەو كار و چالاكیانە ئاگادار كردەوە كە مانگی سووری ئیماراتی لەپێناو یارمەتیدانی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجامیان داوە. سەرۆكی مانگی سووری ئیماراتی دەستخۆشیشی لە ئەرك و ماندووبوونی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی كرد كە ڕۆڵێكی زۆر گەورەی لە یارمەتیدانی ئاوارەكان گێڕاوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیماراتی كرد و كار و چالاكییەكانی مانگی سووری ئیماراتی بەرز نرخاند و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەیەی ئیمارات لە یاد ناكات. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هەڕەشەی تیرۆریستان دا كە هەڕەشەیەكی گشتییە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی و پێویستە بە هەموو شێوەیەك ڕێگە لە گەشەسەندنیان بگیرێت و هۆكاری دەركەوتن و فراوانبوونی ئەو دیاردەیە بدۆزرێتەوە. ئەوەیشی بە پێویست زانی كە نابێ دەوڵەتان تیرۆر وەك كارتێك بەكار بهێنن بۆ گوشارهێنان لەدژی یەكتر چونكە دواجار ئاگری تیرۆر ئەوانیش دەسووتێنێت.
Top