كه‌مال كه‌ركووكی: كارێكی وامان به‌ داعش كرد لەبیریان نه‌چێت

 كه‌مال كه‌ركووكی: كارێكی وامان به‌ داعش كرد لەبیریان نه‌چێت
هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ به‌ پشتیوانی فڕۆکه ‌جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان له میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك و دوبز لە گوندەکانی سەدە و خەڕەت‌ئیدریس و گوبێبە و شارۆچکەی ڕیاز تیرۆرستانی داعشیان بۆدومان كرد و زیانێكی زۆریان له ‌تیرۆریستان دا‌.

(د. كه‌مال كه‌ركووكی) به‌رپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك و دوبز، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تیرۆریستانی داعش دوێنێشه‌و دەستیان کرد بە تۆپهاویشتن و تەقەکردن بە دۆشکا بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە سەربەرزەکانی سنووری میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك، دواتر پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە فلکەی وادی‌نەوت و لیوای ١٢٦ و لیوای (١١) و فەرماندەی کەرکووك و، لیوای (٥) و لیوای (٢) هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان و، هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن و تۆپخانەی پشتوانی یەك و پشتوانی دوو و کاتیوشەکانیان بەبێ دواکەوتن ئاراسته‌ی تیرۆریستان كرد، مەردانە لێیان هاتنە دەست و، لە هەموو شوێنێکەوە کەوتنە گیانی ئەو تیرۆریستانەی کە بە خەیاڵی پووچەڵیان بەتەما بوون هێرش بهێننە سەر سەنگەرەکانی ڕۆڵە دلێرەکانی کوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووكدا، پێشمەرگە دلێرەکانمان کارێکیان بە تیرۆریستانی داعش کرد هەرگیز لە بیریان ناچێت."
(كه‌ركووكی) گوتیشی: "لەو شەڕەدا تیمی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە هەماهەنگی هەواڵگری میحوەر توانییان تیرۆریستەکانی ناو گوندەکانی سەدە و خەڕەت‌ئیدریس و گوبێبە و شارۆچکەی ڕیاز، چاک بکوتن و، تۆپ و دۆشکەیەکی باشیان لێیان داڕزاند و، زۆرێکیشیان لێ بکوژن؛ بریندارێکی زۆریانیش هەیە.
Top