ئەردۆگان نەیدەویست حكومەتێكی شلۆقی هاوپەیمانی پێكبهێندرێت بۆیه پەنای بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخته برد

ئەردۆگان نەیدەویست حكومەتێكی شلۆقی هاوپەیمانی پێكبهێندرێت بۆیه پەنای بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخته برد
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان سامی كۆهین رۆژنامەنووسی دیاری توركیا گوتى:ئەمە یەکەم جار نییە کە لە تورکیادا پارتەکان نەتوانن بگەنە ڕێکكەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئیئتلافی. چەندین جاری تر لە سەردەمی ئۆزال و چیلەر و دێمیراڵ -دا ئەمە ڕوویداوە، تەنانەت یەکەمجار لای ئەربەکانیش ڕووی دا. لەم حاڵەتەی دواییشدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئیئتلافی شکستی هێناوە. ئەمەش لەبەر چەند هۆیەکە: یەکەم لەبەر ئەوەی بیرۆکەکە ئەوە بوو کە ئیئتلافێکی گەورە لە نێوان ئەکەپە و جەهەپە پێکبێت، ئەمەش چارەسەرێکی باش دهبوو بۆ تورکیا لەبەر ئەوەی لە لایەکەوە پارتێکی چەپی میانڕەوی وەک جەهەپە هەیە و لەلایەکی تریشەوە، پارتێکی میانڕەوی ئیسلامی وەک ئەکەپە هەیە، ئەمەش کاریگەری دەبوو لەسەر هەردوو لا کە بیرێکی میانڕەویان هەیە و هەروەها کاریگەری دەبوو سەر تورکیاش بۆ ئەوەی کێشەکانی بە شێوەیەکی میانڕەوانە چارەسەر بکات.




سامی كۆهین هەروەها گوتی: تورکیا و حکومەتەکەی ئێستای پەیڕەوی سیاسەتێکی پراگماتیکیان کردووە لە سەر ئەم مەسەلەیە. واتە تورکیا پێوەندیيەکی وای بنیادناوە لەگەڵ حكومەتی كوردستاندا کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت و خۆی لاداوە لەو شتانەی وەک مەسەلەی پەکەکە کە بەلاڕێدا ببات، واتە بە لانیکەمەوە بەردەوام بێت لەو پێوەندیيە باشەدا، پێوەنديیه سیاسیيەكان و بەتایبەتی پێوەنديیه ئابووريیەكان، ئەمە سەبارەت بە لایەنی تورکیا. بەمانایەکی تر تورکیا پێیوایە کە دەبێت پوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بێت و كۆتایی هاتنی پرۆسەی ئاشتی، یان سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیەکان لە تورکیادا نابێت ڕێگر بێت لە بەردەم بەردەوامی ئەم پێوەندیيەدا. لەلایەنی کوردیشەوە، نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی حكومهتی كوردستان، هەڵوێستی وایە ئەم پێوەندیيە بەردەوام بێت و گوزارشتی لە بایەخی خۆی کردووە لهبارهی پرسی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژيیەکان و پێیوایە دەبێت مەسەلەکە بە ڕێگای سیاسی چارەسەر بکرێت و پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت.

شايانى باسه كۆهین هەروەها گوتی: تورکیا دەیتوانی زۆر شت بکات بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بەڵام مەسەلەی تیرۆر و توندوتیژی بوونەته مەسەلەی ژماره یەك بۆ تورکیا. واتە تورکیا دەیتوانی شتی زۆرتر بكات بۆ بەرەوپێشبردنی بارودۆخی باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەكه، هەم لە رووی ئابووری و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتيیەوە. سەرەڕای قەیرانی ئابووری جیهان و ماوەی ناسەقامگیری لە وڵاتدا، تورکیا لەم بارودۆخەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، هیوادار بووم تورکیا ئەم هەڵبژاردنەی نەكردایه، بەڵکو حکومەتێکی سەقامگیری هەبێت، کاتێک دەڵێم حکومەتێکی سەقامگیر مەبەستم لە حکومەتی یەک پارت نییە، بەڵکو حکومەتێکی هاوپەیمانییە، چونکە سەرەڕای ڕەخنەکان لە حکومەتی هاوپەیمانی، بەڵام دەتوانێت سەقامگیری بنیاد بنێت. سەیری ئەزموونەکانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و زۆر لە وڵاتانی جیهان بکەن کاتێک نەیانتوانیوە حکومەتێکی یەک پارت دروست بکەن.

لە كۆتایی قسەكانیدا سامى گوتی: پارتە جیاوازەکان لە ڕووی ئایديۆلۆژیيەوە هاوپەیمانيەتيیان دروست کردووە، بۆیە لەسەر مەسەلە بەرجەستەکان توانيويانە پێکەوە بن و لەسەر چەند سیاسەتێک ڕێكبکەون. ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەموو شتێکت لەسەر ئایديۆلۆژيیەکەت لەبیر کردووە و خیانەت لە دەنگدەرانت دەکەیت، بە پێچەوانەوە تۆ پارێزگاری لە سیستەمێک دەکەیت و وڵات بەرەو پێش دەبەی. ئەمە رووی نەدا بەداخەوە لە تورکیا و ئێستاش بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت دەچین لە ژێر ئەو بارودۆخەی کە باسم کرد، توندوتیژی بەردەوامە و دۆخی ئابووری بەرەوخراپی دەچێت و فەزای سیاسی وەستاوە، بەهەر حاڵ، هیوادارم تورکیا کارەکانی خۆی وەک جاران بکات و پێوەندیيەکانی لەگەڵ دراوسێکانی بە باشی بهێڵێتەوە و ئەم زریانە سیاسیيە کۆتایی پێبێت وەک پرۆسەی ئاشتی و خراپبوونی باری ئابووری لە وڵاتدا.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1041)
Top