گوتهبێژی پارتی: گوتارەکەی مەلابەختیار دەرگایەکی نوێی کردەوە
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتیی رایگەیاند: "گوتارەکەی مەلا بەختیار لە جێی خۆیدایە و ئێمە ستایشی دەکەین، بەڵام دەبێ لایەنەکانی دیکەیش هاوکاری بکەن ، کەچی ئێمە ئەو هاوکارییەمان هەست پێنەکردووە وەکو پێویست".
جەعفەر ئیبراهیم گوتی: "لە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر چەواشەکاری کراوە بەرامبەر پارتی و شەخسی (سەرۆک بارزانی)، بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەگەر پێویست نەبوایە قەت پارتی داواکاری لەسەر نەدەبوو، ئەو راستییەیش ماوەیەک پێش ئێستا سەلماندمان".
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی ههروهها دهڵێ: "جەنابی (سەرۆک بارزانی) چەندینجار جەختی کردوەتەوە کە پرسەکە پرسی کورسی و دەسەڵات نییە، بەڵام بەداخەوە گوێیان لە بانگەوازی پارتی نەگرت، بە شێوازێکی زۆر خراپیش مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پرسە کرد".
سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەوەی ئایا (سهرۆك بارزانی) پێداگرە لەوەی دەسەڵاتەکانی کەم نەکرێتەوە، (جەعفەر ئیبراهیم) گوتی: "ئێمە ئەو گوتارەی (مەلابەختیار) زۆر بەرز دەنرخێنین، ئەگەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پۆستێکی تەشریفاتی بێت، ئەوە قەت پێویستی نەدەکرد (سەرۆک بارزانی) ئەو پۆستە قبووڵ بکات، ئێمە دەیبینین کە ئەمە پێویستییەکی نیشتمانییە و دەبێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکات لەم قەیرانانە و لە جەنگی دژی داعش".
لە وەڵامی ئەوەی ئەگەری هەیە (سهرۆك بارزانی) دەسپێشخەرییەک بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو پۆستە (جەعفەر ئێمینکی) گوتی: "هەموو کات ئەگەری ئەوە هەیە جەنابی (سەرۆک بارزانی) دەسپێشخەری بکات بۆ ئەو پرسە، بەڵام دەبێ زەمینەسازییەک هەبێ لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکەوە، پرسەکە پەیوەستە بە جەنابی
(سەرۆک بارزانی)یەوە ئەگینا ئەو پرسە دەبوایە بە شێوازێکی دیکە چارەسەر بکرایە".
(جەعفەر ئیبراهیم) گوتیشی: "ئەو زمانە گوڵەی کە (مەلابەختیار) قسەی پێکردووە پێویستە لایەنەکانی دیکەیش بەو زمانە قسە بکەن و ئەگەر لایەنەکانی دیکەیش بەو زمانە جوانە قسەیان بکردایە، بە دڵنیاییەوە ئەنجامێکی باشترمان ئەمڕۆ دەست دەکەوت".
سەبارەت بەوەی ئایا ئێوە ئەو هەڵوێستەی (مەلا بەختیار) بە هەڵوێستی یەکێتی دەزانن یان نا، (جەعفەر ئیبراهیم) گوتی: "هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیار بوو، ئێمە رێز لە هەڵوێستی ئەوان دەگرین و پێشتریش یەکێتی هەمان هەڵوێستیان هەبووە، ئەوە شتێکی نوێ نییە بۆ ئێمە، ئەو زمانە جوانەی (مەلا بەختیار) لەسەر پرسەکە دەریبڕیوە، زمانێکە کە جێی خۆشحاڵی ئێمەیە".
(جەعفەر ئیبراهیم) لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا هیچ گەشبینییەک هەیە بۆ کۆبوونەوەی رۆژی 13-9-2015 رایگەیاند: "خەمخۆرییەکی زۆر هەیە، دەبێ رۆژێک ئەو خەمخۆریانە بگاتە ئەنجام، بەردەوامبوونی دانوستانەکان باشترە لە کۆتاییهاتنی دانوستانەکان بەبێ هیچ ئەنجامێک، هیوایەکی گەروەمان هەیە عەقڵیەتی سیاسیی کوردی زاڵتر بێت بەسەر ئەم قەیرانەدا".
گوتیشی: "ئەگەر ئێمە سەیری رابردووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردی بکەین، ئێمە دەبینین کە قەیرانی زۆر گەورەتر هەبوون کە گەیشتوونەتە چارەسەری، بۆیە ئێمە بە گەشبینییەوە دەڕوانینە داهاتوو، ئەگەر یەکشەممەیش نەگەینە چارەسەر ئەوا ئیرادەیەک هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەری".
(ئێمینكی) جەختی کردەوە لە گرینگیی هەڵویستی (مەلابەختیار) بۆ چارەسەری کێشەکە و رایگەیاند: "راستە گرفت هەیە، بەڵام ئەو هەڵوێستەی (مەلابەختیار) دەرگایەکی دیکەی کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان و نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە چارەسەری".
