پاپا نامەیەک ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێم دەکات و دوو جاریش باسی سەرکەوتنی كرد
لە نامەکەدا، (کاردیناڵ لویس ساکۆ) نوێنەری پاپای ڤاتیکان لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و سەرپەرشتیاری کەنیسەکانی سووریا و عیراق، باسی لەوە کردوە کە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە وا پێویست دەکات کە سەقامگیریی ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا بەردەوام بێت و داوای کردووە بۆ ئەو سەقامگیریەش ھەتا دوو ساڵی دیکە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ئەرکەکانی بەردەوام بێت.
لەمبارەیەوە (مەریوان نەقشبەندی) بەڕێوەبەر لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئەندامی ئەو شاندەی کە بۆ کۆنگرەی گفتوگۆی ئایینەکان لە پێناوی ئاشتی لە ئەلبانیا بەشدارییان کردووە، رایگەیاند، (کاردیناڵ لویس ساکۆ) نوێنەری پاپای ڤاتیکان لە رۆژھەڵاتی ناوەراست لە کۆنگرەی پێکەوەژیانی ئایینی لە ئەلبانیا بەشدارە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کەوا نامەیەکی ئاراستەی ھەرسێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێمی کوردستان کردووە و داوای کردووە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە وا پێویست دەکات کە سەقامگیریی ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا بەردەوام بێت، گوتیشی: ”لە نامەکەمدا داوام کردووە ھەتا دوو ساڵی دیکە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی ھەرێم لە ئەرکەکانی بەردەوام بێت، چونکە ئاوارە مەسیحی و ئێزیدییەکانی عیراق کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستانن ھیوایەکی زۆریان بە سەقامگیریی کوردستان ھەیە”.
لە ھەمان کاتیشدا لە وتارەکەی دوێنێیدا لە کۆنگرەکەی ئەلبانیا ستایشی گەلی کورد و سەرکردایەتییەکەی کرد کە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی رۆژھەڵاتی ناوەراست توانیویانه زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئاوارەی ھەڵاتوو لە توندوتیژییەکانی عیراق و سووریا جێگا بکەنەوە.
بەپێی ناوەڕۆکی نامەکە و گوتەکانی (مەریوان نەقشبەندی) (لویس ساکۆ) پێشی وابووە کە نابێ لەم بارودۆخەدا گۆرانکاری لە سەرۆکایەتیی ھەرێم بکرێت و دەبێ دوو ساڵی دیکە (بارزانی) لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، چونکە پارێزەری پێکەوەژیان و کەمینەکان بووە لە ناوچەکەدا، (نەقشبەندی) گوتیشی: "ئەو پیاوە لە وتاری کۆنگرەکەشیدا دوو جار باسی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستانی لە بواری ئەمنی و پێکەوەژیان و ئاشتبوونەوەی نیشتمانی کرد و گوتی، ھیوادارم عیراق و وڵاتانی ناوچەکە وەکو خەڵکی کوردستان ئاشتی دەستەبەر بکەن“.
