گوتەبێژیی یەكگرتوو: ناوەندی بڕیاردان لەنێو یەکگرتوو پەرتەوازە بووە

گوتەبێژیی یەكگرتوو: ناوەندی بڕیاردان لەنێو یەکگرتوو پەرتەوازە بووە
پێش ئەوەی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بکرێت، رۆژی 2ی 9ی 2015 لە شاری سلێمانی یەکێتی و گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵییان ئەنجام دا و پاشانیش بەڵاغێکیان بڵاو کردەوە و پێداگریی خۆیان دووپات کردەوە لەسەر داواکارییەکانیان لە بەرامبەر پارتی.

بەپێی زانیاریەکان بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکگرتوو، لە دژی ئەو کۆبونەوەیە بوون و پێیان وابوو ئەو کۆبوونەوەیە دژی بنەمای سازان بووە کە یەکگرتووی ئیسلامی کاری زۆری بۆ دەکا.

ئەو سەرکردانەی یەکگرتوو، لەوە نارازین لە بەڵاغی کۆبوونەوەکە لە خاڵێکدا ھاتووە: “سووربوون لەسەر راپۆرتەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، وەکو ھەنگاوێک بۆ بەدامەزراوەییکردنی دەزگاکان لە ھەرێمی کوردستان و پڕکردنەوەی بۆشایی یاسایی” ئەوان پێیان وایە ئەوە لادانە لە سازان.

دوای ئەوە رۆژی ٣ی ٩ی ٢٠١٥ ھیوا میرزا سابیر گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە سەر پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بۆ ھەموو میدیاکانی ئاشکرا کرد کە چیتر گوتەبێژی فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامی نییە و دەستی لەو پۆستە کێشاوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرکردایەتیی ئەو حزبە دەستی کەوتوون، ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی ھیوا میرزا سابیر بۆ ئەوە بووە کە ناوەندی بڕیاردان لەنێو یەکگرتوو پەرتەوازە بووە و خاوەنی بڕیارێکی یەکگرتوو نییە.

ھۆکارێکی تری دەستلەکارکێشانەوەکەشی وەکو نارەزایەتی بووە بەرامبەر کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی رۆژی ٢ی ئەیلوول لە سلێمانی.

ئەگەرچی ھیوا میرزا سابیر دوای دەستلەکارکێشانەوەکە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک روونکردنەوەیەکی نووسیووە و تیایدا ھێمای بۆ ئەوە کردووە، کە لە نێو یەکگرتووی ئیسلامیدا ماوە و وازوی نەھێناوە، بەڵام لە پۆستی گوتەبێژی دەستی کێشاوەتەوە.


سەرچاوەیەك زانیویەتی بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکگرتووش لە بادینان، لە ژی کۆبوونەوەی چوارچۆڵین و پێیان وایە ئەوە دەرچوونە لە بنەمای سازان کە یەکگرتوو ھەوڵی بۆ دەدات.

سەرکردەکانی بادینان لەگەڵ ئەوەن یەکگرتوو نەچێتە ژێر باڵی یەکێتی و گۆران و پارتی و ھەر حڤزبێکی تر، بەڵکوو خاوەنی بڕیاری خۆی بێت.

پێوەند بەم پرسە، نەسرەدین سەعید سندی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بە (باس)ی راگەیاند ئەوان لەگەڵ ئەوەن لە بڕی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و چوار قۆڵی، تەنھا کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام بدرێت، .

ر ئایندەی ھەرێمی کوردستان دروست دەبێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین لەسەر یەک مێز کۆبوونەوە بکرێت، لەگەڵ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چوار قۆڵی نین و بە بەرژەوەندیی نازانین و سوورین لەسەر کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی.

نەسرەدین سەعید گوتیشی: کێشەی سەرۆکایەتیی ھەرێم تەنھا چارەسەری یاسایی نییە، دەبێت لەگەڵیدا چارەسەری سیاسیش بگیرێتە بەر، بۆیە تەنھا راپۆرتی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بەس نییە بۆ یاسای سەرۆکایەتی، بەڵکو دەبێ سازانی سیاسیشی بۆ بکرێت و یەکانگیر بکرێت.

ئەو سەرکردەیەی یەکگرتوو لە بادینان جەختی کردەوە، نایانەوێت ببنە لایەنگری ھیچ لایەک لە پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم و لەگەڵ ئەوەن یەکگرتوو خاوەنی بڕیاری خۆی بێت.

گوتیشی: دواخستنی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بۆ ئەوەیە ھەموو لایەنەکان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، دوور نییە بەم نزیکانە زۆربەی لایەنەکان رێک بکەون لەسەر ئەوەی مەسعود بارزانی بۆ دوو ساڵی تریش بەردەوام بێت، لە پۆستەکەی و ئەو قەیرانە دەرباز بکرێت.












باسنیوز
Top