وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 ملیۆن دۆلاری کوردستان ناداتەوە و ”120 هەزار دۆلاریش لە گەڕاندنەوەی بە فیڕۆ درا
لە ساڵی 2011 کۆمپانیای حەج و فڕۆکەوانیی (لاما)ی سعودی، کە بارەگاکەی لە شاری جەدەیە، بۆ گواستنەوەی چوار ھەزار و 650 حاجیی ھەرێمی کوردسان، بە فڕۆکە بۆ حەج و دواتریش گەڕاندنەوەیان بۆ کوردستان، گرێبەستی لەگەڵ کرا، بەڵام کۆمپانیاکە ئەو کارەی نەکرد و پارەکەشی دەست بەسەردا گرت.
وێرای چەندین لیژنە و ھەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە و دەستنیشانکردنی کەسی کەمتەرخەم، بەڵام دواجار سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف ئاشکرای دەکات، کە پارەکە خورا و دەستیان لێ شۆردووە.
سیراج خەیلانی، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، ئەو پارەیە کە نزیەکەی دوو ملیۆن دۆلارە، ڕۆیشت و دەستی لێ شۆراوە و گوتی: “بەپێی زانیارییەکانم، ئەو کارمەندەی ئەوقاف کە واژۆی لەسەر گرێبەستەکە کردووە، فەرمانی گرتنی بۆ دەرکراوە، چونکە وەزارەتی ئەوقاف ئەو کارمەندەی بەرپرسی بەشی گرێبەستەکانیان تۆمەتبار کردووە”.
سیراج خەیلانی گوتیشی: “وەزارەتی ئەوقاف کاتی خۆی گەورەترین ھەڵەی کرد کە گرێبەستێکی ئاوا گەورەی بە فەرمانبەرێک واژۆ کردووە، دەبوایە لەسەر ئاستی وەزیر و کەسانی پسپۆر ئەو گرێبەستە ئەنجام بدرایە، نەک فەرمانبەرێک ئەو کارە بکا”.
خەیلانی باوەڕی وایە، کە ئەو کارمەندە کەسێکی ھەژارە و بێ دەسەڵاتە و تاوانی نییە و کەمتەرخەمییەکە لە وەزارەتی ئەوقافە نەک فەرمانبەرێکی ئاسایی.
سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف ڕەخنە لە وەزیری ئێستای ئەوقافیش دەگرێت و دەڵێ: “وەزارەت و وەزیریش فیڵیان لێ کرا و کرانە نێو بازنەوە، ئەوە بوو پارێزەریان گرت لە سعودیە بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە، سەرەتا 60 ھەزار دۆلاریان خەرج کرد، پاشان 60 ھەزار دۆلاری تر کە لەگەڵ ئەوەی پێشوو دەکاتە 120 ھەزار دۆلار، ئەو پارەیەش بەفیڕۆ ڕۆیشت و پارەکەی تریش نەبوو”.
سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف ئاشکراشی کرد، لە کەیسی یەکەم لە دادگای سعودیە، وەزارەتی ئەوقاف توانی سەرکەوتوو بێت بۆ ئەوەی بڕیاری دادگا دەربکرێت، کە کۆمپانیا سعودییەکە پارەکە بگەڕێنێتەوە، بەڵام لە کەیسی دووەم شکستیان ھێنا و دەڵێ: “لە کەیسی دووەم شەش دەفتەر دۆلار بە پارێزەرێکی سعودی درا بۆ گرتنی خاوەنی کۆمپانیاکە، بەڵام ئەوە سەری نەگرت و حکوومەتی سعودیە ئامادە نەبوو کەسێکی خۆی بگرێت و دوو ملیۆن دۆلار بداتەوە ھەرێمی کوردستان، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف کەمتەرخەمە”.
سیراج خەیلانی پێیوایە دوو ملیۆن دۆلار بۆ ئێستای کوردستان پارەیەکی کەم نییە و مافی حاجیانیشە و دەڵی: “ئەو دوو ملیۆن دۆلارە دەستی لێ شورا و کۆتایی ھات و پارێزەرەکەش پارەکەی خوارد و ھیچی بە ھیچ نەکرد”.
لە 21ـی کانوونی دووەمی 2014 و بە نووسراوێک، کە ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی کوردستان کراوە،سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی وەزیری ئەوقافی بەوە تۆمەتبار کردبوو، کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی فەوتانی پارەی حاجیانی بە نایاسایی ڕاگرتووە”.
بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لەو کەیسە، وەزارەتی ئەوقاف لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکھێنابوو، بەڵام وەکو لە نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیدا ئاماژەی بۆ کرابوو، بەپێی ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، پێویست بوو ئەو دۆسیەیە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە حەواڵە بکرایە، بەڵام وەزیری ئەوقاف بڕیاری ڕاگرتنی ئەو کارەی داوە.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش دووپات کراوەتەوە، کە وەزیری ئەوقاف ھۆکاری ڕاگرتن و ڕەوانە نەکردنی ئەم دۆسیەیە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە. ھەر لە نووسراوەکەدا، داواکاری گشتی داوای کردبوو دۆسییەکە بەرز بکرێتەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم دۆسییە نەنێردرێت بۆ دادگا، ئەوا داواکاری گشتی ڕێکاری یاسایی دژی کەسی کەمتەرخەم دەگرێتە بەر.
شێخ قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرە زیاتر گوتی: ”ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ وەرگرتنەوەی پارەی حاجیان و مەسەلەکە بە بنبەست نەگەیشتووە و گوتی: “خاوەنی کۆمپاینیای لامای سعودیە دەیەوێت پارەکە بە چەند قستێک بداتەوە، بەڵام بەوە ڕازی نەبووینە و چاوەڕوانی دوا بڕیارین”.
قاسم بەرزنجی گوتیشی: “بە پارێزەرەکەمان گوتووە لە سعودیە، ئەگەر خاوەنی کۆمپانیاکە سوور بوو لەسەر قیست، ئەوا بە ئێمەی بگەیەنێتەوە و ئێمەش داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بۆ دەرکردنی فەرمانێک، ڕەنگە ئەوکات پارەکە بە قیست وەربگرینەوە”.
سەبارەت بە دەرچوونی فەرمانی گرتن بۆ بەرپرسی گرێبەستەکانی وەزارەتی ئەوقاف بەرزنجی دەڵێ: “ئەو کەسە واژۆی لەسەر گرێبەستەکە کردووە لەگەڵ کۆمپانیای لاما، کەیسەکە لە دادگایە و دادگا یەکلای دەکاتەوە، کە ئەو کەسە تۆمەتبارە، یان ھیچی لەسەر نییە، وەزیری پێشووی ئەوقافیش لەلایەن دادگا وەکو شاھێد بانگ کراوە”.
بەپێی زانیارییەکان بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرەی ھەرێمی کوردستان ڕازی نەبووە گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیا سعودیە بکرێت، چونکە پێیوابووە کۆمپانیاکە فێڵ دەکات و پارەی گرێبەستەکە دەخوات، وەزیری ئەوقافیش ئەوە بووە، کە بەبێ داواکردنی ھیچ زەمانەتێک، گرێببەستەکەی ئەنجام داوە و پارەکەش بە تەواوی بۆ کۆمپانیاکە ڕەوانە کراوە.
باسنیوز
