حکوومەتی هەرێم بۆ تێهێنانەوەی کورتهێنانی بوودجە، وەک جاران نەوتەکەی خۆی ڕاستەوخۆ دەفرۆشێت
بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی هەناردەکردنی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئابدا هەرێمی کوردستان بڕی 14,657,798 بەرمیل، واتا ڕۆژانە بە تێکڕایی 472,832 بەرمیلی هەناردەکرووە لە ڕێی بۆڕییەنەوتی هەرێمی کوردستان- جەیهان. ئەوەش بەراورد بە 16,019,090 بەرمیل کە مانگی تەمووز هەناردەی کردووە، بە رێژەی سەدا8.5 دابەزیوە.
ئەو دابەزینە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەبەر وەستانی هەناردەکردنی نەوت بووە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ کە بەزۆری لە سەرەتای ئەو مانگە ڕووی داوە.
لەو بڕەی کە لە مانگی ئابدا هەناردەکراوە، کێڵگە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە 10,958,817 بەرمیل واتا تێکڕا ڕۆژانە 353,510 بەرمیل بەشدارییان کردووە و ئەو کێڵگانەی کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور بەڕێوە دەبرێن بە 3,698,981 بەرمیل واتا تێکرای ڕۆژانە 119,322 بەشداربوونە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابدا بڕی 1,579,004 بەرمیل، واتا ڕۆژانە 50,936 بەرمیل، ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، ناسراو بە کۆمپانیای سۆمۆ کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "لە ئابی 2015ـدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوت لە بەندەری جیهان بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە بەغدا کەم کراوەتەوە و بۆ بەردەوامبوون لە دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لە 2014ـدا کەڵەکە بووە لە ئەنجامی وەرگرتنی پارەی پێشوەخت بەرامبەر فرۆشی نەوت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ."
حەفتەی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پشتراستیکردەوە کە ئەنجومەنی کاروباری نەوت و گازی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکات دەست بکات بە پێدانی بڕێک لە دەسحەقی کۆمپانیاکانی دەرهێنەری نەوت لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلولی 2015 دا.
لە ڕاگەیاندروێکی پێشووتریدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە "کاتێک لە سەرەتای 2016ـدا بڕی نەوتی هەناردەکراو زیاتر دەبێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکات کە بڕی داهاتی تر بەردەست بخات بۆ دانی پارەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەکان تاکو بگەنەوە بە شایستە داراییەکانی پێشوویان بەپێی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش"
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی دووبارە کردووەتەوە کە ئامادەیە کار بکات لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا بۆ ئەوەی لەسەر هەموو پرسەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز بگەنە ڕێککەوتن.
