هەرێمی كوردستان بەشداری لە خولی نۆیەمی بێ سەروشوێنكردنی زۆرەمڵی دەكات لە جنێڤ
سەرچاوەیەكی نزیك لە شاندی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە شاندەكە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە گەلی كورد بە درێژایی مێژوو گەورەترین قوربانیی بێ سەروشوێن كردن و ون بوونی زۆرەملێ بووە لەسەر دەستی ئەو رژێمە یەك لە دوا یەكانەی كە حوكمی عێراقیان كردووە بۆیە زیاتر لە پێكهاتەكانی دیكەی عێراق هەست بە ئازاری و تاڵی ئەم تاوانە دژە مرۆڤایەتییە دەكات، چونكە هەر لە سەردەمی رژێمی شانشینی تا دەگاتە رژێمی بەعس و بە درێژایی ئەم ماوەیەدا بە شێوە و بە ناوی جیاجیا گەلی كوردستان تووشی ون كردن و بێ سەروشوێن كردن بۆتەوە هەر لە بێ سەروشوێن كردنی كوردە فەیلییەكان كیمیا باران كردنی هەڵەبجە و ئەنفال كردنی بارزانییەكان و گەرمیان و بادینان، ئەم تاوانە دڕندەیە بەرامبەر بە كورد لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیش درێژەی هەبوو بەتایبەتی لە كوشتن و رفاندن و بێ سەورشوێن كردنی هەزاران رۆڵەی كوردی ئێزیدی لەسەر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.
لە لایەكی دیكەوە پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕەنسیپەكانی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە بێسەروشوێن كردنی زۆرەملێ بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیەوە. هەروەها ئاسەوارە یاساییەكانی ئەم تاوانە روون دەكەنەوە بۆ قەرەبوو كردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی زۆرەمڵی لە كوردستان و عێراق و چۆنیەتی پاراستنی مافەكانیان لە رووی یاساییەوە.
شاندی هەرێمی كوردستان لەم كۆبوونەوەیەدا خۆشحاڵی و پێشوازی كردنی هەرێمی كوردستان بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە رێكەوتننامەی جیهانی نەهێشتنی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ رادەگەیەنێت، هەروەها داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات كە ئەم تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كورد ئەنجام دراون بە دیكیۆمنێت بكرێن بۆ ئەوەی لە كاریگەریی و ئاسەوارەكانی ئەم تاوانانە كەم بكرێتەوە و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی كەسوكاریان بكرێتەوە، چونكە تا ئێستا هیچ یەكێك لەم تاوانە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەیەكی فەرمی تۆمار نەكراون وەك تاوانی دژی مرۆڤایەتی.
شایەنی باسە لە رۆژانی 7-18/9/2015 لە جنێڤ كۆبوونەوەكانی خولی نۆیەمی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مرۆڤ لە بێ سەروشوێنكردنی زۆرەمڵی لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە جنێڤ ساز دەكرێ.
