پارتی دیموكراتی كوردستان : یەکگرتوو و یەکێتی بە چارەسەریی مامناوەندی رازین
مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە رادیۆی دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیدا، پارتی سێ پێشنیازی داوەتە حزبەکان و دەخوازێت ئەوانیش ”بژاردەی دیکەیان هەبێت“.
بەپێی گوتەکانی مەحموود محەممەد، یەکگرتوو چارەسەری مامناوەندیی بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەیە و یەکێتیش پێی باشە چارسەرێکی مامناوەندیی بۆ کێشەکە لەنێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان بدۆزرێتەوە.
هەروەها بەپێی هەواڵەکەی دەنگی ئەمریکا، محەممەد ئەحمەد، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو رایگەیاندووە، کە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵییان کردووە، کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 6ـی ئەیلول ئەنجامبدرێت و بۆ یەکشەممەی داهاتوو 13ـی ئەیلول دواخرا.
لە دانیشتنی رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2015، پەرلەمانی کوردستان بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنی زەرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای چوار حزبەکە (یەکگرتوو، یەکێتی، کۆمەڵ و گۆڕان) کرد، کە بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە، دەبێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان هەڵببژێردرێت و پارتیش داوادەکات، لە هەڵبژاردنی گشتیدا، خەڵک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت.
باسنیوز
