ئەندامانی ئەنجومەنی سێ شاری کوردستان دەست لە کار دەکێشنەوە
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، پاش ئەوەی پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناحیەی “شیناوێ” نامەیەکی دەست لە کار کێشانەوەیان واژۆ کرد و پێشکەش بە قایمقامی پیرانشاریان کرد، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکانی مەهاباد و شنۆش دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر پێنج ئەندامی ئەنجومەنی ناحیەی شیناوێ لە پیرانشار باسیان بەهۆی کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە نیسبەت خەڵکی ئەو ناحیە و نۆژەننەکردنەوەی قوتابخانەی شیناوێ دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان راگەیاند.
هەر دوابەدوای ئەوان، ئەندامانی ئەنجومەنی شاری مەهابادیش بەهۆی کێشە و ناکۆکیی ناو ئەنجومەنەکە نامەی دەست لەکار کیشانەوەی خۆیان بۆ ناوەندە حکوومەتییەکان بەرز کردووەتەوە.
“کامران عەلیزادە ئازەر” و “سەید رەسووڵ نەبەوی” ئەو ئەندام ئەنجومەنانەی شاری مەهابادن کە بە گوتەی خۆیان بەهۆی کێشە و نادادپەروەرییەوە دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان راگەیاندووە.
هەر لەو پیوەندییەدا سێ ئەندامی ئەنجومەنی شاری شنۆ بەهۆی کێشەیان لە گەڵ سەرۆکی ئەنجومەنەکە وازیان لە پۆستەکانیان هێناوە و دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.
“عەلیڕەزا محەمەدنژاد، کازم ئیلاهی و رەشید ئیسفەندیاری” نامەی دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان واژۆ کردوە و بۆ قایمقامی شارەکە بەرزیان کردووەتەوە.
باسنيوز
