لە ئەسیناوە بۆ بوداپێست..

 لە ئەسیناوە بۆ بوداپێست..
گەشتێك زیاتر لە سێ هەفتە دەخایەنێ، بەڵام گەشتێكی پڕ لە رووداوی تراژیدی كە هەندێجار چاوشاركێ لەگەڵ مەرگ دەكەی.

لەگەڵ بڕینی هەر قۆناغێكی گەشتەكە، دڵەڕاوكێ‌ و ترس لە قۆناغی داهاتوو دەستپێدەكات. گەشتەكە بە چارەنووسێكی نادیار كۆتایی دێ. ئەمە گەشتی هەموو ئەو پەناخوازە كوردانەیە كە لە نیشتیمان هەڵدێن بۆ گەڕان بەدوای بەهەشتدا.

ئەسینا.. یەكەم وێستگەی گەشتەكە

زیاتر لە دوو دەیەیە، یۆنان و بەتایبەتی پایتەختەكەی بوونەتە وێستگەی سەرەكیی كۆچ بەرەو ئەوروپا. باندەكانی قاچاخچێتی لەو شارەدا بە دەیان ملیۆن دۆلاریان لە گواستنەوەی پەناخوازان بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا دەستكەوتووە.

ئەو كوردانەی لە ساڵانی نەوەتەكاندا باشووری كوردستانیان جێدەهێشت، هەندێكیان لەبەر هەر هۆكارێك بێت لە ئەسینا گیرساونەتەوە.

سەڵاح، 43 ساڵ، كە لە ئەسینا بە سەڵاحی پۆلیس بانگ دەكرێت، لە ساڵی 1996ەوە لە ئەسینا دەژیت، بەڵام هێشتا مافی مانەوەی وەرنەگرتووە. سەڵاح دەڵێت "زۆر بیری دایكم و وڵات دەكەم، بەڵام تازە چارەنووسم بەم وڵاتەوە بەستراوەتەوە". سەڵاح ژنی نەهێناوە و شەو تاوەكو بەیانی لە كۆشكێكی بچووكدا كار دەكات.

زۆرن ئەو كوردانەی بە خەونی گەیشتنە رۆژئاوای ئەوروپاوە هاتن و لێرە لە ئەسینا گیرسانەوە، ئێستا ئەوان ناوەندی كولتوورییان هەیە، حیزبەكانی باكوور و باشووری كوردستانیش لەوێ‌ رێكخستنیان هەیە. هەندێك لە كوردەكانی ئەسینا خەریكی قاچاخچێتین.

قاچاخچێتی كارێكی پڕ داهاتە، بۆیە ئەوان ئەستەمە دەستبەرداری بن. قاچاخچییەكی كورد كە 17 ساڵە لە یۆنانە و سێ‌ ساڵیش لەسەر ئەو كارە خراوەتە زیندانەوە، دەڵێت "پێم خۆش نییە ئەو كارە دەكەم، بەڵام فێری پارەداریی بووم، ناتوانم ئێستا منداڵەكانم بە دەرامەتی كەم گەورە بكەم".

خواردنگەی هەولێر و گەسی سلێمانی و چەندین كافێتریا شوێنی كۆبوونەوە و یەكتر بینینی كوردەكانی یۆنانە. ئەو پەناخوازانەی دەگەنە ئەسینا، لەو شوێنانە قاچاخچییەكان دەبینن و مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن بۆ ئەوەی لە یۆنان بیانبەنە دەرەوە.

مانەوە لە مەكدۆنیا قەدەخەیە

بۆ گەیشتن بە مەكدۆنیا، پێویستە بە پاس یان شەمەندەفەر بەرەو باكوور گەشت بكەی. شەوێك كاژێر 10ی شەو لەگەڵ 64 پەنابەری رۆژئاوای كوردستان و 4 پەنابەری باشووری كوردستان بە پاسێكی دوو قات بەرەو سنووری مەكدۆنیا بەڕێدەكەوین.

رامان، كە گەنجێكی باشووری كوردستانە و لە نێو پاسەكەدایە، دەڵێت "دەمەوێ بگەمە وڵاتێك مافی پەنابەریم بداتێ‌، كولتوورەكەم بەلاوە گرنگ نییە".

یەكێك لە هاوسەفەرەكانی رامان، حەوت ساڵ لە نەرویج بووە، بەڵام مافی پەنابەرێتی وەرنەگرتووە. ئەو دەیەوێ‌ جارێكی دیكە سنوورەكان ببڕێ‌ و چانسی خۆی لە وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا تاقی بكاتەوە "رەنگە ئەمجارە مافی پەنابەری وەربگرم، چونكە من خەڵكی دوبزم".

كاژێر سێی بەرەبەیان بەرەو گێڤگێلیا لەسەر سنووری یۆنان و بولگاریا بەڕێدەكەوین. دەبووایە بە دوو كاژێر بگەینە سەر سنوور، بەڵام پێنج كاژێری پێچوو. خۆر دەركەوت. كەسێك مۆبایلێكی بە دەستەوە گرتبوو، بە جی پی ئێس رێگاكانی دەدۆزییەوە. بەڵام لە ناكاو ئاراستەی رێگاكەمان ون كرد. رۆژنامەنووسمان لێ‌ بووبوو بە پۆلیس. كاتێك هێڵی شەمەندەفەرمان لێدەركەوت، کۆچبەرەکان شاگەشكە بوون.

سنوور داخرابوو، شەو کۆچبەرەکان لەسەر هێڵە لەكاركەوتووەكانی شەمەندەفەر نووستن. شوێنەكە پڕ لە خاشاك و بەرماوەی خواردن و خواردنەوە بوو. پەڕینەوە لە سنوور بە نۆرە بوو. هەر نیو كاژێرێك تەنیا 50 كەسێك تێدەپەڕن.

پۆلیسی سنوور لە مەكدۆنیا یەكسەر کۆچبەرەکان بەرەو سنووری سربیا بەڕێدەكات. حكومەتی مەكدۆنیا مۆڵەتی 72 كاژێری داوە بە کۆچبەرەکان تا وڵاتەكە جێبهێڵن.

بێڕێزیكردن بە پەناخوازان لە پریشێڤۆ

خەڵكی باكووری مەكدۆنیا زۆربەیان ئەلبانین. هەروەها زۆرینەی باشوورییەكانی سڕبیاش ئەلبانن. ئەلبانەكانی مەكدۆنیا بەڕێزەوە کۆچبەرەکانیان ئاودیوی سربیا دەكرد. لە دوایین خاڵی سنوور لە گوندی تابانۆفێسە رێكخراوێك ئاو و شیر و هەندێك خواردن بەسەر کۆچبەراندا دابەش دەكات.

مێگێنیس، لە رێكخراوی لێگیس دەڵێت "ماوەی چوار مانگە، ئێمە هەر دوو رۆژ جارێك دێینە ئێرە و ئەو هاوكارییانەی كۆمانكردوونەتەوە دابەشی سەر کۆچبەرانی دەكەین".

حكومەتی سربیا لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی پریشێڤۆ كە تەنیا سێ‌ كیلۆمەتر لە سنووری مەكدۆنیا دوورە، ناوەندێكی بۆ ناونووسین و وەرگرتنی پەنجەمۆری کۆچبەران كردووەتەوە. دەنگی پۆلیسی ناوەندەكە لە دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەكان بەرزترە لەگەڵ کۆچبەران.

قارەمان، 30 ساڵ كە خەڵكی كۆبانێیە، باسی هەڵسوكەوتی پۆلیسەكانی ناوەندەكەی كرد و گوتی "ئەوكاتەی نۆرەی من هات بۆ ناونووسین و پێدانی كاغەزەكە، كارمەندێكی ناوەندەكە هاواری دەكرد و دەیگوت دەتگەڕێنینەوە شام، ئەسەد پیاوێكی باشە".

هەر کۆچبەرێک پتر لە 12 كاژێر لەو ناوەندە دەهێڵدرێتەوە، تاوەكو كاروبارەكانی تەواو دەبن. پاشان لەوێوە بە پاس بەڕێدەكرێن بۆ بێلگرادی پایتەختی سڕبیا.

ئەو پەناخوازانەی چادریان پێیە، هەر لەگەڵ دابەزینیان لە پاسەكان، چادرەكە هەڵدەدەن و پشوو دەدەن، هەندێكیان تەلەفۆن بۆ كەسوكاریان دەكەن تاوەكو پارەیان بۆ بنێرن. هەشە لەوێ‌ بەدوای رێبەرێكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بیبات بۆ هەنگاریا.

وێستگەی پاسەكان پڕن لە قاچاخچیی كورد، عەرەب، فارس، ئەفغانی، لەوێ‌ بەدوای هاوزمانەكانیاندا دەگەڕێن. قاچاخچییەك دەڵێت "هەر نەفەرێك لێرەوە بە 1500 دۆلار دەبەینە ئەڵمانیا. بۆ منداڵانیش نیوەی ئەو پارەیە وەردەگرین".

رۆسكی.. كەمپە زۆرملێیەكەی هەنگاریا

150 کۆچبەر لەگەڵ پێنج قاچاخچی رێككەوتوون، لە نیوەشەودا بەڕێدەكەون بەرەو هەنگاریا، ئێمەش لە نێو کۆچبەرەكانین. لە رێگا بە نێو باخی سێو و خۆخی خەڵكدا تێدەپەڕین، هەر بێستانێك كەوتبایە سەر رێگای كۆچبەران، وێران دەبوو. لە رێگا كۆچبەرەكان مشتومڕی ئەوەیان بوو كە خۆیان تەسلیمی پۆلیس بكەن یان نا.

دوای دوو كاژێر رۆیشتن بەپیادە، گەیشتینە بەربەرستێك. لەوبەری سنوور بە سەدان پۆلیس وەستاون. هەلیكۆپتەرێكیش بە بلاجكتۆر بەسەر سەریانەوەیە. ئێمە لەگەڵ ئەو پەناخوازانە رۆیشتین كە خۆیان رادەستی پۆلیسی هەنگاریا كرد، لەوێ‌ پۆلیس ئاو و سەموونی بەسەر پەناخوازاندا دابەش كرد.

كاتێك نۆرەی پرسیار و وەڵامی پۆلیس گەیشتە ئێمە، خۆمان پێ ناساندن، یەكسەر ئێمەیان لە کۆچبەرەكان جیاكردەوە، زۆرترین پرسیاریان دەربارەی كوردستان و سووریا لێكردین، تا ئێمە پرسیارێكمان دەكرد، ئەوان پێنج پرسیاریان دەكرد.

ئێمەیان بە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس برد بۆ كەمپی رۆسكی كە نزیكەی 60 خێوەتی سەربازیی تێدا هەڵدرابوو، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەكی تێدا نەبوو. لەوێ‌ هەموو جوڵانەوەیەك لە ژێر چاودێریی پۆلیسدایە.

کۆچبەرەکان بۆ ماوەیەكی كاتی دەبرێنە كەمپەكە، لەوێ‌ ناونووس دەكرێن و پەنجەمۆریان وەردەگیرێ، دواتریش بەرەو بۆداپێست بەڕێدەكەون و ئاراستەی گەشتەكانیان بەرەو نەمسا و سلۆڤاكیا و پاشان ئەڵمانیا و وڵاتانی باكووری ئەوروپا رێكدەخەن و لەوێ‌ دەیانەوێ‌ ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لە نیشتیمان خەونیان پێوە دەبینی.









رووداو
Top