دهۆك.. ئامادەكاری كراوە قوتابییە ئاوارەكانیش لە خوێندن بێبەش نەبن

دهۆك.. ئامادەكاری كراوە قوتابییە ئاوارەكانیش لە خوێندن بێبەش نەبن
جێگری لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای دهۆك لە نێو شار و گشت شارۆچكەكان و ئەو شوێنانەی كەمپەكانی تێدایە، قوتابخانە دابین كراوە‌ و ئامادەكاریی تەواویش كراوە بۆ ئەوەی قوتابییە ئاوارەكانیش ئەمساڵ دەست بە خوێندن بكەن و لێی بێبەش نەبن.
جێگری لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك (شیمال عادل میرۆ)، بە ماڵپەڕی فه‌رمیى پارتیى دیموكراتى كوردستانی ڕاگەیاند: "لە شاری دهۆك ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ خوێندنی ئاوارەكان و ژمارەیەك قوتابخانەیش لەنێو سەنتەری شار و لە هەر شارۆچكەیەكیش چەند قوتابخانەیەك كراونەتەتەوە، بۆ نموونە لە ئامێدی و سەرسەنگ و شێخان و سێمێل و زاخۆ و ئاكرێ و بەردەڕەش، بۆ ئەوەی لەگەڵ لێدانی زەنگی قوتابخانەدا بۆ ئەمساڵ واتا ساڵی 2015-2016 قوتابییە ئاوارەكانیش دەست بە خوێندن بكەن و لێی بێبەش نەبن، هەروەها بە هەمان شێوەیش بۆ پەنابەرەكانیش لەنێو كەمپەكان قوتابخانە كراونەتەوە".
(میرۆ) ئاماژەیشی دا: "حكوومەتی هەرێم هەوڵی تەواوی داوە و لە رێگەی وەزارەتی پەروەردە و پارێزگای دهۆكەوە هەماهەنگیی تەواوی كردووە لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی كە سەر بە پەروەردەی مووسڵ و خوارووی عێراقن تا ‌وانە بڵێنەوە و، لەنێو كەمپی پەنابەرانیش بە هەمان شێوە مامۆستایان بۆ دابین كراوە لەگەڵ كەلوپەل و پێداویستیی خوێندن".
Top