باوکی ئیلان: لەگەڵ ژن و منداڵەکانمدا بمنێژن
غالیب تەمەن پێنج ساڵان، برا بچوکە سێ ساڵانەکەی کە ناوی ئیلانە لەگەڵ دایکی و ٨ کۆچبەری دیکە هەوڵیانداوە لە تورکیاوە بڕۆنە دوورگەی کۆز لە یۆنان، دواتر خۆیان بگەیەننە کەنەدا، بەڵام پێش گەیشتنیان بە دوورگەی کۆز کەشتییەکەیان نوقم بوو و گیانیان لەدەست داوە.
عەبدوڵڵا، باوکی ئەم کوڕانەیە و دەڵێت ئاواتی ئەوەیە کە لەگەڵ ژنە مردووەکەی و کوڕەکانی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ کۆبانێ و لە کۆبانێ بە خاکیان بسپێرێت و لەپاڵ ئەواندا خۆیشی بنێژن.
خوشکی عەبدوڵڵا کە هاندەری سەرەکی ئەوان و پاڵپشتی سەرەکیان بووە بۆ گەیشتن بە کەنەدا دەڵێت "من کاژێر ٥ی سەرلە بەیانی گوێم لەم هەواڵە بوو. تەلەفۆنێکم لەلایەن ژنی براکەی دیکەمەوە بۆ هات، کە لەلایەن عەبدوڵڵاوە تەلەفۆنی بۆ کرابوو و گوتبووی کە ژنەکەی و دوو منداڵەکەی مردوون".
تیما کوردی کە خوشکی عەبدوڵڵایە دەڵێت کە ئەو لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەرەوە کۆچی کردووە بۆ کەنەدا و ئێستا لە کەنەدا دەژی، ئەو دەڵێت "عەبدوڵڵا و رەیحان و دوو منداڵەکەیان لە مانگی حوزەیران بە شێوەیەکی فەرمی و بە کۆمەڵێک رێگەی یاساییەوە داوای مافی پەنابەرێتیان کردبوو، بەڵام لەلایەن ئەو وڵاتە رەتکرایەوە، بۆیە پەنایان بردە بەر تورکیا و هەوڵیاندا لەو رێگەیەوە خۆیان بگەیەننە کەنەدا".
دوو بابەتی سەرەکی هەبوو کە بەهۆیەوە ئەم بنەماڵەیە ناچاربوون رێگای ئاویی بگرنە بەر، لەوانە نەتەوەیەکگرتووەکان وەک پەنابەر ناویان تۆمار ناکات و حکومەتی تورکیاش ڤیزای دەرچوون لە تورکیایان ناداتێ، بۆیە ناچاربوون بە رێگەی قاچاخ خۆیان بگەیەننە کەنەدا. خوشکەکەی عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد زۆر جار ویستوویەتی خۆی بیانبات بۆ کەنەدا و چەندین رێگەشی تاقیکردووەتەوە، بەڵام سەری نەگرتووە و ئەوان ناچار بوون کە سواری بەلەم ببن، دەڵێت "بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە لای من. تا ئەو کاتەش لە تورکیا بوون من دەمژیاندن، چونکە تورکیا زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران دەکات و لە تورکیا ئەو کۆچبەرانە هیچیان نییە".
کەنەدا و تورکیا بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆرە ناکۆکن لەسەر بابەتی ئەم کۆچبەرانە و کەنەدا داوای لە تورکیا کردووە، رێگا بگرێت لە چوونی ئاوارە سوورییەکان بۆ کەنەدا و رێگای گەشتن بە کەنەدایان پیشان نەدات.
رووداو
