وەزارەتی شارەوانی ژمارەیەك فەرمانبەر دادەمەزرێنێت
“ئاڵا عەلی حەسەن” بەڕێوەبەری شارەوانیی (سێ)ی هەولێر راگەیاند رەزامەندیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارمان وەرگرتووە بۆ دامەزراندنی (10) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست، كە باخەوان و پاسەوان و كارمەندی چاودێر دەگرێتەوە و هەركەسێك ئارەزوو دەكات دەتوانێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بكات یاخود لەرێگەی سایتی وەزارەتی شارەوانییەوە فۆڕمی دامەزراندن وەربگرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: “بەهۆی فراوانبوونی سنووری كاركردنی شارەوانییەكەمان پێویستمان بە دامەزراندنی كارمەند هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێ فەرمانبەرمان بە شێوەی هەمیشەیی بۆ دابمەزرێنێت، بۆیە ناچار فەرمانبەران بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێنن، بەڵام لە دامەزراندنەكاندا رەچاوی لێهاتووییان دەكرێت و بۆ ماوەیەك لەژێر چاودێریدا دەبن”.
لەبارەی مووچەكانیانەوە، ئاڵا عەلی گوتی: “مووچەكانیان جیاوازە، چونكە هەندێكیان لەوانەیە زیاتر لە شیفتێك دەوام بكەن بەمەش مووچەكەیان جیاوازدەبێت”.
باسنیوز
