سەرۆك بارزانی لە دەستووری عێراق و كوردستانیشدا داكۆكیكاری مافی توركمان بووە

سەرۆك بارزانی لە دەستووری عێراق و كوردستانیشدا داكۆكیكاری مافی توركمان بووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان كەرخی ئاڵتی بەرماخ سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتیی توركمان بۆ گوتى: كوردستان بە قۆناغێكی هەستیارەدا تێدەپەڕێت، ئەوەی دەگوزەرێت پێی دەوترێت ئێش و ئازاری لەدایكبوون كە لە عەرەبیدا پێی دەوترێت «مخاض»، لە ئێستادا كوردستان سەردەم و رۆژگارێكی تازەی لە پێشە و بە تێڕوانینی ئێمە ئەمە لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردستانە. بەدڵنیاییەوە هەموو لە دایكبوونێكیش ئێش و ئازاری لەگەڵدایە. بەداخەوە لەم قۆناغە هەستیار و ناسكەشدا كوردستان دووچاری شەڕی نەگریس و چەپەڵی داعش بووە، كە ئامانج لێی رێگریكردنە لەو لەدایكبوونە و لەباربردنی هەنگاوەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، یان هەر هیچ نەبێت راگرتنێتی.



ئاڵتی بەرماخ هەروەها گوتی: پێدەچێت دەستێوەردانێكی دەرەكی لە پشت ئەو هەوڵەوە بێت بۆ پەكخستنی هەنگاوەكانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت و بەرگرتن بەو لەدایكبوونە. هەندێ كەس زوو لەم ڕاستییە تێدەگەن و دەكشێنەوە و دەست هەڵدەگرن و بەرەو سازان هەنگاو دەنێن و هەندێ كەسیش دركیان بە ڕاستی مەسەلەكە نەكردووە. ئەوەی مایەی دڵتەنگییە، ئەوەیە كەسانێك هەن تێگەیشتوون لەوەی چی دەگوزەرێت، بەڵام بە ئەنقەست دەیانەوێت ڕەوت و ڕەوڕەوەی ڕووداوەكان بە ئاقار و ئاڕاستەیەكی مەترسیداردا بەرن، بەڵام وا دیارە حیكمەت و هۆشیاری قووڵ و ئارامگرتنی گەورەی جەنابی سەرۆك بارزانی دۆخەكەی ڕاگرتبێت. سەرۆك بارزانی بانگهێشتی سەرجەم لایەن و پارتەكانی ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان و حكومەتی كردووە، لەم پێناوەشدا چەندین بەیاننامەی دەركردووە و داوای لێكردوون كۆببنەوە و ڕێككەون و بڕیار لە چارەنووسی ئەو میللەتە ستەمدیدەیە بدەن كە نوێنەرایەتیان دەكەن. شیكردنەوەی من بۆ قۆناغەكە ئەوەیە كە ئێمە قۆناغی باشمان بڕیوە و هەنگاوی گەورەمان هەڵگرتووە بەرەو پێكانی ئامانجەكانمان.

شايانى باسه بەرماخ هەروەها گوتی: جەنابی سەرۆك بارزانى گەورەترین داكۆكیكار بووە لە مافی پێكهاتەكەی ئێمە كە توركمانە، هەم لە پڕۆژەی دەستووری كوردستان، هەروەها لە دەستووری هەمیشەیی عێراقیشدا، ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم و هەمو ئەمانە تۆمار كراون و بە بەڵگە پشتڕاست كراوەنەتەوە و سەلمێندراون. ئەو كاتەی لە بەغدا بووین، من ئەندامی شاندی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بووم، جەنابی سەرۆك بارزانی پێی ڕاگەیاندین كە هەرچیتان هەیە لە لائیحەیەكدا دایبڕێژن و بۆمی بهێنن. ئێمە ئەو لائیحەیەمان بە شێوەیەكی یاسایی داڕشت و پێشكەشی بەڕێزیمان كرد، ئەویش قەڵەمەكەی دەرهێنا و لەسەری نووسی بە هەمووی ڕازیم و لەسەر هیچی لاریم نییە، چونكە داواكاری خۆتانە.

ئاڵتى لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: ئێمە شانازی بەوەوە دەكەین كە سەر بە نەتەوەی توركمانین، لە هەمان كاتدا ئێمە مێژوویەكی قووڵ و دوور و درێژمان هەیە لەم وڵاتەدا و لە هەموو ئێش و ئازار و نەهامەتی و خۆشی و ناخۆشییەكاندا بەشدار بووین، واتە لە هەموو شتێكدا هاوبەش بووین، ئێستاش لە ڕووی داب و نەریت و كار و كەسابەت و بگرە هاوسەرگیریشەوە تێكەڵ بووین لەگەڵ كوردەكاندا، هەروەها خاوەنی ئایین و ئایینزای هاوبەشین. كاتێك باس دێتەسەر باسی كورسی كۆتاكان ئەوا ئێمە وەك توركمان زۆر ڕازیش نین بەو كورسییانەی كە بۆ ئێمە تەرخان كراون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش كەسانێك هەن كە من پێیان دەڵێم فەریكە سیاسی، ئەم كەسانە بە مەزەندەی عەقڵی خۆیان پێیانوایە دەتوانن یاری بە چارەنووسی میللەتێكی شكۆداری وەك توركمان بكەن، بەڵام ئەمە مومكین نییە و ئەمە وەك پرس و بابەتەكانی دیكە بە زۆرینە و كەمینە یەكلا ناكرێتەوە.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1040)
Top