بازرگانێكی جوولەكە 128 كچی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار دەكات

 بازرگانێكی جوولەكە 128 كچی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار دەكات
ستیڤ مان كە بازرگانێكی جوولەكەی كەنەدییە، پڕۆژەیەكی دەستپێكردووە بۆ رزگاركردنی ژیانی ئەو منداڵە مەسیحی و ئێزیدیانەی لەلایەن (داعش)ەوە دەستگیركراون. بۆ ئەو بازرگانە ئەوەی گرنگە رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانەیە.

پڕۆژەكەی ستیڤ مان لەژێر ناوی ''ئازادكردنی منداڵانی مەسیحی و ئێزدیی عێراق''ە، تاوەكو ئێستا توانیویەتی 128 منداڵ كە وەك كۆیلەی سێكس لەلایەن داعشەوە بازرگانییان پێوەكراوە، رزگار بكات.

ستیڤ مان دەڵێ لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو منداڵانە بڕێك پارە دەدات. ستیڤ لە بایەخی ئەو نیگەرانیانەی كەمكردەوە ‌كە گوایە دانی پارە لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو منداڵانە هاوكاریی بەهێزكردنی رێكخراوێكی تیرۆریستی دەكات. ئەو بازرگانە كە دانیشتووی شاری مۆنتریالی كەنەدایە، بە رادیۆی cbcی گوت ''تەركیزی من لەسەر رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانەیە".

ستیڤ مان گوتی ''من تەركیز ناخەمە سەر پارەدان و لایەنی لۆجیستی و شتەكانی دیكە، چونكە ئەو پارەیەی دەیدەم ئەوەندە زۆر نییە بۆ رێكخراوێك كە خاوەنی 4 ملیار دۆلارە". ئەو گوتیشی "ئایا لەو بڕوایەدای ئەو بڕە پارە كەمەی من كە 2- 3 هەزار دۆلارە بۆ منداڵێك، بەهیچ شێوەیەك هاوكاریی زیادكردنی ئەو هێز و دەسەڵاتە زۆرەی داعش دەكات. ئێمە لەگەڵ نێوەندگیر كاردەكەین، رەنگە و رەنگیش نییە ئەم پارەیە خۆی بخزێنێتە نێو ئەو 4 ملیار دۆلارەی داعش و بیكات بە 4 ملیار و 2000 دۆلار. ئەمە كەی جێگەی بایەخە؟".

پڕۆژەكەی ستیڤ مان لەگەڵ تیمێكی متمانەپێكراو لە عێراق كاردەكات بۆ كڕینەوەی ئازادی و ژیانی ژنان و منداڵان. ئەو گوتی ''پارە كۆدەكەینەوە، تیمێكی متمانەپێكراومان هەیە. ئەم كەسانە ئەو بودجەیەیان پێدەگات كە بۆیان دەنێرین. ئەم كەسانە لە 15 ساڵی رابردوودا پەیوەندییەكی باشیان لە ناوچەكەدا دروستكردووە.'' گوتیشی "لەناو مووسڵ خەڵك هەیە هاوكاریی ئەم تیمە دەكات".

ئەم بازرگانە كەنەدیە ناسناوی ''جوولەكە شندڵەرەكە''ی لێنراوە. ئەم ناسناوە لە ناوی ئەو بازرگانە ئەڵمانییەوە هاتووە كە لە كاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا ژیانی زیاتر لە 1200 جولەكەی لە هۆڵۆكۆست رزگاركرد لەڕێی داڵدەدانیان لەناو كارگەكەی و بەكارخستنیان.

ستیڤ مان گوتی "ئەوەی گرنگە رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانەیە، هەروەك چۆن شندڵەر ژیانی چەندین جولەكەی رزگار كرد لەبەرامبەر پێدانی پارە بە نازییە ئەڵمانییەكان بەشێوەیەكی نایاسایی".

ستیڤ مان گوتی هۆكاری دەستپێكردنی ئەم پڕۆژەیەی ئەوە بوو كە پاش چەند مانگێك لە دەستگیركردنی ئەو مەسیحی و ئێزدییانە لەلایەن داعش و چەوساندنەوەیان، هیچ كەسێكی نەبینی كار بۆ رزگاركردنیان بكات.

ئەو گوتی، بۆ ژنان و كچانی هەرزەكار هەمیشە پرسیارەكە ئەوەیە چەندجار دەستدرێژییان كراوەتە سەر "چەندین جار فرۆشراون، بیستوومانە كە لێیان دەدرێت و لە خواردن بێبەش دەكرێن و لە قەفەسدا بەند دەكرێن. هەڕەشەی سووتاندنیان لێدەكرێت ئەگەر سێكسیان لەگەڵ نەكەن".

ستیڤ مان گوتی، باكگراوندی ئەو وەك جوولەكەیەك وای لێكردووە‌ ئەو هەنگاوە بنێت بۆ رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانە "ئەوەی هانیداوم بۆ ئەم كارە زۆر سادەیە، جوولەكە بیت و بەشێك بیت لە خەڵكێك كە بە هۆڵۆكۆستدا تێپەڕیون. ئێمە بۆ ماوەی شەش ساڵ چاوەڕێمان كرد، تاوەكو خەڵك وەڵاممان بدەنەوە و بێن بە هانامانەوە".












رووداو
Top