نێوەڕۆكی كۆبوونەوەی لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی ئاشكراكرا
د. فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان دەكات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە میكانیزمەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بۆ چوونی جیاوازی لایەنەكانی لەسەرە، رایگەیاند كە چەند بژاردەیەك خراونەتەڕوو:
1- هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێو خەڵك و لەڕێگەی ریفراندۆم:
2- هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان. لەمبارەیەوە دوو بۆچوون هەبوون:
یەكەم هەڵبژاردنی سەرۆك لە خولی داهاتووی پەرلەمان.
دووەم: هەڵبژاردنی سەرۆك لەم خولەی پەرلەمان.
هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك لەنێو پەرلەمان دوو بژاردە خراونەتەڕوو، ئەوانیش:
یەكەم: سەرۆك بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵبژێردرێ.
دووەم: سەرۆك بە پەنجا كۆ یەكی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵبژێردرێ.
فوئاد حوسێن بە ئاماژەدان بەوەی كە كۆبوونەوەكە هیلاككەر بووە، جەختیكردەوە كە ئەگەر لایەنەكان لەسەر یەكێك لەم بژاردانە نەگەیشتنە رێككەوتن، دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، ئومێدیشی خواست كار نەگاتە ئەمە و رێكبكەون. جەختیشیكردەوە كە داواکراوە هێرشی راگەیاندنی نێوان لایەنەکان بۆ سەر یەکدی رابگیرێت.
ناكۆكییەكی دیكەی لایەنەكان لەبارەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لەسەر ئەم پرسە فوئاد حوسێن گوتی " هەندێک لایەن داوادەکەن یەکسانییەک لەنێوان دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا هەبێت".
رۆژی یەكشەممە 6-9-2015 كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی داهاتووی نێوان لایەنەكان ئەنجامدەدرێت. لەبارەی ئەوەش كە بۆچی هێندە دوادەخرێ، فوئاد حوسێن گوتی " دەمانەوێت لیژنەكان دەرفەتیان هەبێت بگەڕێنەوە سەركردایەتی حیزبەكانیان و بژاردەكان تاوتوێ بكەن، هەروەها لاینەكان دەرفەتیان هەبێت كۆبوونەوەی دوو قۆڵی یان سێ قۆڵی لەنێوان خۆیان ئەنجام بدەن بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لە بژاردەکان، تاوەکو لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت".
سەبارەت بە پێكهاتەكانیش كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا بەشدارییان نەكرد، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان گوتی "دەرگای بەشداریکردن بۆ پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەکەدا کراوەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی حیزبەکان بەرنامەی جیاوازیان هەیە، پێیانوایە دەبێت بەشێوەی شاند بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکەن، نەوەک یەک نوێنەریان هەبێت".
رووداو
