فازڵ میرانی: با خەڵک دوا بڕیار بدات لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەرنامەیەکی کوردستان تیڤیدا رایگەیاند، کە ئەو ”قەیران و ململانێیە“ لەنێوان حزبەکاندا لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ”لەسەر رێڕەوی ئاشتییانە“ دەڕوات و نیشانەی بوونی دیموکراسییە.
فازڵ میرانی هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە نەگەیشتنە یەکتریی لایەنە سیاسییەکان، هیچ کاریگەریی نەکردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و گوتیشی، ”پرۆسەی سیاسی لە کوردستان ھیچ مەترسییەکی لە سەر نییە“.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە، کە حزبەکەی داوادەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت و لە ئەگەری رازی نەبوونی لایەنەکانی دیکەش، ”داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین لە رێگای ریفراندۆمەوە دیاری بکەن، کە سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت یاخود لە لایەن خەڵکەوە“.
فازڵ میرانی هۆشداریشی داوەتە حزب و لایەنە سیاسییەکان و رایگەیاندووە، کە ”ناحەزانی ئێمە چاودێریی رەوشەکە دەکەن و دەیانەوێت گرفتی گەورە دروست بێت و مەترسی گەورە بۆ ئەو تەجروبەیە دروست بێت“.
میرانی بەشداریکردنی ئەو حزبانەی نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، لە کۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییە یەکەمەکەی باشووری کوردستان، بە پێویست داناوە و رێککەوتنە 13 خاڵییەکەی پێنج حزبەکە (پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، گۆڕان و کۆمەڵ)ی بە ”دەرگایەکی باش“ لەقەڵەم داوە.
باسنیوز
