ئاری هه‌رسین: هه‌ركه‌سێك سه‌رۆكی هه‌رێم بێت، پێویسته‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت

ئاری هه‌رسین: هه‌ركه‌سێك سه‌رۆكی هه‌رێم بێت، پێویسته‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت
ئاری هه‌رسین سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئه‌و چه‌كه‌ی بۆ ئێمه‌ دێن له‌لایه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمانه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌ك لێی سوودمه‌ند بن، پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ له‌شه‌رِه‌، كلاشینكۆفی كۆنی لایه‌ بۆیه‌ یه‌كێك له‌و مافه‌ گرنگانه‌ كه‌ عیراق لێی زه‌وت كردووین ئه‌وه‌یه‌ چه‌كی هاوپه‌یمانان كه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا نادرێت به‌ پێشمه‌رگه‌ یان به‌شێكی كه‌می پێ ده‌درێـت و چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازیی پشكنینی بۆمب و ته‌قه‌مه‌نیمان بۆهات كه‌چی زۆرێك له‌به‌شه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ لێكرابۆوه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت: "حه‌قبوو بۆ سه‌لامه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌شێك له‌و هه‌لیكۆپته‌ره‌ سه‌رده‌میانه‌ی كه‌ عیراق وه‌ری گرتووه‌ یان ئه‌و فرِۆكه‌ ئێف16 ده‌بوایه‌ له‌ فرِۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر دانرایه‌ تا به‌ كه‌مترین كات له‌ كاتی پێویستبووندا شه‌رِی تیرۆری پێ كرابایه‌".

ئاری هه‌رسین روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌وا هیچ ده‌ستێوه‌ردانێكی حزبی له‌ گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌كوردییه‌كان نه‌بووه‌ و ته‌واوی فه‌رمانده‌ و هێزه‌كانیش له‌ هه‌موو میحوه‌ره‌كاندا تێكه‌ڵاون و سه‌ركه‌وتنه‌كانیش هه‌ست نه‌كراوه‌ كه‌ به‌ لایه‌نی حزبی بشكێته‌وه‌ وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌ژێر ركێفی وه‌زیرێكن كه‌ نه‌ پارتیه‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌.

له‌باره‌ی پۆستی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كه‌ ئێستاكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوان پێنج حزبه‌كه‌ی كوردستانه‌ ناوبراو رایده‌گه‌یه‌نێت: "بۆ دیاری كردنی داهاتوومان پێویسته‌ سه‌یری رابردووی كاره‌كانمان بكه‌ین، سه‌رۆك بارزانی چه‌ندین ساڵه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان بووه‌ تاكو ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی به‌خراپ به‌كار نه‌هێناوه‌ ئیتر ترس چیه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و بێت، ئێمه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست ئه‌ژین پێویستمان به‌ سه‌رۆكێكی به‌هێزه‌ بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك سه‌رۆكی هه‌رێم بێت پێویسته‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت".
Top