مەسروور بارزانی: هەڕەشە لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان نییە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ئاب شاندی پارتی بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەردانی حیزبی سۆسیالیستی کرد و لەلایەن محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست پێشوازیان لێکرا و دوای کۆبوونەوەش کۆنفرانسیکی رۆژنامەڤانیان ئەنجام دا.
محەممەد حاجی مەحموود لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند ": بۆچوونی تایبەتی خۆمان هەیە و دوای سیاسەتی هیچ لایەک نەکەوتووین" گوتیشی " دنیا پشتیوانیمان دەکات، دەبێت ئێمەش نێو ماڵی خۆمان رێکخەین".
لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان مەسروور بارزانی رایگەیاند " بیروڕامان ئاڵوگۆڕکردووە، سەبارەت بە چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و وەڵامدانەوەی داواکانی خەڵک"، باسی ئاکامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کرد و گوتی " ئەوەی لەهەرێمی کوردستان روودەدات پەرەسەندنی پرۆسەی سیاسییە و ناکۆکییەکان رەنگیان نەداوەتەوە لەسەر پێشمەرگە".
مەسروور بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی: "هەڕەشە لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان نییە" گوتی " ئەگەر خەڵکێک بیانەوێت سەقامگیریی وڵات تێکبدەن، خەڵکێکی زیاتر پارێزگاری لەسەقامگیریی وڵات دەکەن".
مەسروور بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە : "بەردەوامیی بارزانی نیشانەی ئەوەیە مانەوەی بارزانی لەپۆستەکەیدا یاساییە".
ئەمڕۆ شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەردانی چەند لایەنیک لەوانەی بەشداری کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نەبوون دەکات، بۆ ئەوەی هەڵوێستی پارتیان پێڕابگەیەنێت و پێیان بڵێت کە هەرچەندە ئەوان لە کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکاندا بەشدار نەبوون، بەڵام رای ئەوان بۆ پارتی گرنگە.
رووداو
