فوئاد حوسێن: لایەنەکان لەسەر 13 خاڵ رێککەوتن

فوئاد حوسێن: لایەنەکان لەسەر 13 خاڵ رێککەوتن
پێنجەمین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر کۆتاییهات.
فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند:" کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو لایەنەکان لەسەر 13 خاڵ رێککەوتن".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی کە لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لایەنەکان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند:" بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دیسان لایەنەکان کۆببنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانەی کەماوە و بڕیاردرا بانگهێشتی پێکهاتەکان و ئەو لایەنانە بکرێ کە نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە".

فوئاد حوسێن گوتی:" کە لە کۆبوونەوەی سلێمانی هاتینەوە باسمان لەوە کرد کە کۆبوونەوەی داهاتوو کۆبوونەوەی بڕیار دەبێ، سوپاس بۆ خوا هەرواش بوو ، لایەنەکان ئەمڕۆ لەسەر 13 خاڵ رێککەوتن".

سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەوەی کە ئایا لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون یان نا، فوئاد حوسێن گوتی:" میکانیزمی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا گفتوگۆی لەسەر نەکراوەو دانراوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو".

لەسەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بێ یان ئەو دەسەڵاتەی لێبستێندرێتەوە ناکۆکی لەنێوان لایەنەکان هەیە، فوئاد حوسێن لەوبارەوە گوتی:" گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵە کرا و بڕیار درا لایەنەکان بڕۆنەوەو، بۆ کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە کۆتا پێشنیازی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بێننەوە بۆ کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت و رێککەوتنی لەسەر بکرێت".

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری هەڵوێستی ئەمریکا و بەریتانیا و un-ی کرد لەسەر مانەوەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن گوتی:" هەڵوێستی ئەمریکا و بەریتانیا و UN ، لەڕێگەی ئەو شاندانەوە بە لایەنەکان گوترا کە لە یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ 16 حیزبەکە و دواتریش لەگەڵ 5 لایەنەکە دانیشتن و بەروونی رایانگەیاند، پێویستە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە تاوەکو هەڵبژاردننی داهاتوو".

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکۆکی قوڵی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی باشووری كوردستان دروستکردووە و تاوەکو ئێستا جگە لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان زیاتر لە 50 كۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە كراون. هەروەها چەند وڵاتێكی بیانیش بۆ چارەسەركردنی پرسەكە هاتوونەتە سەر خەت وەك، ئەمریكا، بەریتانیا، نەتەوە یەكگرتووەكان، توركیا و ئێران.














رووداو
Top