حەنان فەتلاوی ئەندامی فرقەی حزبی بەعس بووە

حەنان فەتلاوی ئەندامی فرقەی حزبی بەعس بووە
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە لیژنەکەیان لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی عێراق دۆسیەی بەعسیبوونی فەتلاوی زیندوو دەکاتەوە.

د. ئەردەلان نورەدین، ئەندامی لیژنەی نەزاھە لە ‌پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، کە دکتۆر حەسەن ئەلیاسری، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق بانگھێشتی لیژنەکەیان لە پەرلەمان کراوە و یەکێک لەو پرسیارانەی، ”کە بە لامانەوە گرنگە، بریتییە لە هەڵدانەوەی فایلی بەعسی بوونی حەنان فەتلاوییە، کە لەسەردەمی رژێمی پێشوو، ئەندامی فرقەی حزبی بەعس بووە“.

ئەردەلان نورەدین ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەرڕای ئەو سکاڵایانەی لە دژی تۆمارکراوە، حەنان فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆکی بزووتنەوەی ئیرادە، کە لە حزبی دەعوە جیابوویەوە، ”رێکارەکان لە ‌دژی ھەڵگیراون و ھیچ رێکارێک لە ‌دژی نەگیراوەتە بەر“.

بەپێی گوتەی ئەو پەرلەمانتارە کوردە، ئەگەر ھاتوو دەستەی نەزاھە ”بەڵێنیان نەدا، کە لە ‌ماوەیەکی نزیکدا لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن، ئەوا بێگومان نووسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەت بەرێز (عەبادی) دەکەین تا کار لەسەر ئەو بابەتەش بکات و ھەوڵ بدرێت سەرۆکی دەستەش گۆرانکاری تێدا بکرێت“.
















باسنیوز
Top