حکوومەت ڕێنماییەکی تایبەت بۆ دروستکردنی مزگەوت دەردەکا
بەپێی ڕێنماییەکان، دەبێ خێرخوازان لە کاتی دروستکردنی مزگەوتدا ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەن، لەوانە (داواکارییەک بۆ یەکەی ئیداری و بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف بەرز بکەنەوە، پشتگیریی توانای دارایی لە یەکێک لە بانکەکانی کوردستان بھێنن و بەڵێننامەیەک لە دادنووسی بھێنن، کە پڕۆژەکە تەواو دەکا).
بەپێی ڕێنماییەکان، نابێت خێرخواز بە ناوی مزگەوت پارە و کۆمەکی لە خەڵک و دەزگاکان کۆ بکاتەوە، جگە لەوەی ناولێنانی مزگەوت وەکو پێشووتر نابێت، بەڵکو لە ڕێگای لیژنەیەکی تایبەتمەندی ئەوقاف و کەسی خێرخواز دەبێت.
ھەروەھا چەند مەرجێک بۆ پێکھاتە و ڕووبەری مزگەوت دیاری کراون، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی چڕیی دانیشتووان. بۆ مزگەوتی گەورە ڕووبەری زەوییەکە نابێت لە ٧ ھەزار مەتر دووجا کەمتر بێ، دەبێت گومبەت و منارە و حوجرە و ھۆڵی بۆنە ئایینییەکانی ژنان و پیاوانی تێدا بێت، دوو خانووی تێدا بێت، نابێت دووریی ئەو مزگەوتانە ھەزار مەتر زیاتر بێت لە سەوزایی و شەقامی سەرەکی و شوێنە کراوەکان. بۆ مزگەوتی مامناوەندیش، نابێ ڕووبەرەکەی لە 2 ھەزار مەتر دووجا کەمتر بێت، پێویستە گومبەت و منارە و ھۆڵی بۆنەکان و خانووی تێدا بێت. مزگەوتی بچووکیش نابێت ڕووبەرەکەی لە ھەزار و 200 مەتر دووجا کەمتر بێت، پێویستە گومبەت و یەک خانووی تێدا بێت.
بۆ ھەرسێ شێوەی مزگەوتەکە کراوەتە مەرج، کە شوێنی نوێژی ئافرەتان دیار بکرێت.
بەپێی ڕێنماییەکان، بە پێویست زانراوە لە ئامادەکردنی دیزاین و نەخشەی مزگەوتدا، ڕەچاوی سەردەم بکرێت و لاسایی بێگانە نەبێت، ھەر کاتێکیش خێرخواز بە پێچەوانەی دیزاینی پەسندکراو مزگەوت بکات، سزا دەدرێت و سەرپێچییەکەی پێ ڕاست دەکرێتەوە.
ئەگەر مزگەوتێک بەدەر بوو لە و 3 شێوازەی کە لە ڕێنماییەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، ئەوا ڕێپێدانی خێرخوازان لە دەسەڵاتی خودی وەزیری ئەوقاف دەبێت.
لە ڕێنماییەکاندا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کەوا لیژنەی ھەڵسەنگاندنی داواکاریی خێرخوازان مافی ڕەتکردنەوەی داواکاریی دروستکردنی مزگەوتی ھەیە، پێش ئەوەی لەلایەن وەزیری ئەوقاف پەسند بکرێت.
ئەگەر کەسێک زەویی خۆی ھەبێت و بیکاتە مزگەوت، ئەوا کراوەتە مەرج کە ئەو کەسە زەوییەکە بە ناوی وەزارەتی ئەوقاف بکات، ئەگەر لە دوای ٣ مانگ خێرخواز دەست بە دروستکردنی مزگەوت نەکا، ئەوای زەویەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.
لەو ڕێنماییەدا، لەسەر ئەوقافی سنووری دروستکردنی مزگەوتەکان کراوەتە فەرمان، کە بەداواچوون بۆ قۆناخەکانی دروستکردنی مزگەوت بکەن. دوای تەواوبوونی پڕۆژەکەش، لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندی ئەندازەیی، مزگەوتەکە وەردەگیرێت.
لە خاڵێکی تری ڕێنماییەکاندا بە پێویست زانراوە، کە وەبەرھێنەران لە کاتی دروستکردنی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون و شوێنە گەشتیارییەکاندا پابەند بن بە دروستکردنی مزگەوت و ھۆڵی بۆنە ئایینییەکان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئێستا 4 ھەزار و 300 مزگەوت لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە 3 ھەزار مزگەوتدا وتاری ڕۆژانی ھەینی دەخوێندرێتەوە.
لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستان زانیوویەتی، کەوا لە ساڵی 2010 بۆ 2014 ھەزار مزگەوت دروست کراون، کە 700 یان لەلایەن خێرخوازان بووە و 300 لەلایەن وەبەرھێنەران و حکوومەت.
باسنيوز
