هێمن هەورامی: "لە کاروباری دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان هەموو لایەنەکان بەشدارن"
هەورامی گوتیشی: "ئەمە باوەڕبوونی یەكێتیی ئەورووپا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بە ئێستا و ئایندەی هەرێمی كوردستان بە كردنەوەی نوێنەرایەتیان لێرە چونكە رۆڵی هەرێمی كوردستان لە یەكلاكردنەوەی شەڕی داعش و پاراستنی ئاسایشی جیهانی لە لایەن پێشمەرگەوە. ئەم پەیامانە ئەوەمان پێ دەڵێن كە كوردستان ئایندەیەكی رۆشنی هەیە لە جیهان بە پێچەوانەی ئەو هێزانەی كە ئەیانەوێت لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم وێنەیەكی نێگەتیڤی كوردستان بە جیهانی دەرەوە نیشان بدەن بەمەش وەڵامێكی باش دەبێت بۆیان".
ناوبرا تیشكی خستەر سەر پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی هەرێم لەگەڵ دونیای دەرەوە لەو بارەیەوە گوتی: "بەهیچ شێوەیەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن ئێمەوە قۆرغ نەكراوە و حكوومەتی هەرێم 14 نوێنەرایەتی لەدەرەوە هەیە و هەمووشی پارتی نین و حزبەكاتی تریش بەشدارن بۆ نموونە نوێنەری كوردستان لە وڵاتی فەڕەنسا كادیرێكی بزووتنەوەی گۆڕانە".
هەورامی ئاشكرای دەكات "ئەو پەیوەندیانە بۆ كوردستان دروستكراون بەڵام پارتی وەكو حزبێكی براوەی یەكەم لە هەڵبژاردنەكان كە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم پشكی پارتین بۆیە دەورێكی باڵاترمان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا هەبوو".
لەبارەی کردنەوەی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان و روانگەی حکوومەتی ناوەندی، هێمن هەورامی گوتی: "رەنگە لەسەرەتادا بەغدا پێی خۆش نەبووبێت بەڵام یەكێتیی ئەورووپا دەمێكە لە هەوڵی كردنەوەی ئەو ئۆفیسەن تایبەت لەدوای رێككەوتنی دیپلۆماسی نێوان عیراق و یەكێتیی ئەورووپا لە مانگی 11ی ساڵی 2012".
هەورامی لە كۆتایی قسەكانی لەبارەی پرسە هەنوكەییەکانی كوردستان گوتی: "لایەنە سیاسیەكانی دیكە لە كوردستان دەیانەوێت سەفقەی سیاسی بەینی ئەم حزبانە سەرچاوە بێت بۆ یەكلایی كردنەوەی هەندێك مەسەلە. ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە دەبێت سەرۆك لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت نەوەك بە سەفقەی سیاسی لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردریت".
