شكستی حوكمڕانی و كاڵفامیی بەڕێوەبردنی سیاسی هۆكاری سەرەكیی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن
فالح عەبدولجەبار هەروەها گوتی: توركیا ماوەیەكی زۆرە لەلایەن سوپاوە حوكمڕانی دەكرێت، لەبەر ئەوەی دامەزرێنەری توركیا سوپای عوسمانی بووە، بۆیە وا دەزانێ كە هەر ئەو دەتوانێت حوكمڕانیی بكات، كەواتە دامەزراوەی سوپا لە ئێستاشدا هەر ئەو كار بەڕێوە دەبات، یان هەر خۆی سەرپەرشتی نەتەوە دەكات، بەڵام لەگەڵ پەرەپێدانی چینە پیشەسازییە تازەكاندا سامان و دەسەڵات زیادی كرد، واتا دامەزراندنی حزبێكی ئیسلامی سیاسی بە ناوی( پارتی داد وگەشەپێدان) كە جەماوەرێكی زۆری بۆ خۆی پەیداكردو لە هەڵبژاردنەكاندا زۆر جار براوەی یەكەم بووە، كە ئەم ئیسلامییە سیاسییە لە توركیا بە حزبی بیزنس ناودەبرێت، چونكە بزنسمانەكان پشتیوانیی لێ دەكەن، هەروەها توانی جۆرێك لە دیموكراسی بچەسپێنێت كە رێز لە لایەنەكانی دیكە دەگرێت، بۆیە دەبینین پارتی دادو گەشەپێدان كرایەوە بەڕووی چەپ و كورددا، لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا كوردیش دەنگی هەر بەم حزبە دەدا، كە دروشمی چارەسەركردنی كێشەی كوردی هەڵگرتبوو، بەڵام هەر ئەوەندە كە بەهێز بوو ئیدی وازی لەم میتۆدە هێنا، بەڵام لە دوا هەڵبژاردندا ئەم حزبە زۆرینەی بەدەست نەهێنا.
شايانى باسه عەبدولجەبار هەروەها گوتی: دابەشبوونی شیعەو سوننە زۆر كۆنەو بۆ 15 سەدە دەگەڕێتەوەو شتێكی نوێ نییە، هەوڵەكانی بە سیاسەتكردنی ئەمەش واتا كردنی بە بزاڤێكی سیاسیی تایفەگەری تەمەنی سی ساڵە بەتایبەتیش لە عێراق و لوبنان و ئێران و تا رادەیەكیش لە بەحرەین، هەروەها 15 ساڵیشە هەوڵی ئەوە دەدرێت كە لە یەمەن پیادە بكرێت، هۆكاری ئەمە چییە كە مرۆڤ وا بزانێت بە سیاسەتكردنی ئەم لایەنە و گۆڕینی بۆ حزبێكی تایفەگەریی سیاسیی، دەبێ لەسەر ئەمە بوەستین، كاتێك نەتەوە یان ئایینزایەك دەچەوسێنرێتەوە وهەموو مافێكیان لێ زەوت دەكرێت و ناهێڵرێت گوزارشت لەو ستەمكردنە بكرێت بە شێوەیەكی عەلمانی ئەو كات پەنا دەبرێت بۆ پێكهێنانی حزبێكی ئیسلامی، بۆیە ئەو دابەشبوون و ململانێیەی لە عێراق و سوریا هەیە زیاتر تایفییە بگرە لە یەمەن جیاوازە لە نێوان باكوورو باشوورە، چونكە حوسی شیعەی زێدی زیاتر لە 40%ی دانیشتوانی باكوور پێكدێنن، بەڵام كە هەردوو لای یەمەن یەكیان گرت رێژەكەیان كەمتر بۆوە، حوسیەكانیش 5%ی شیعەی زەیدی پێكدێنن، كێشەكە عەلی عەبدولڵا ساڵحە كە دیكتاتۆر بوو و پارەیەكی زۆری بەتاڵان بردو چەندین لیوای سەربازی خستەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە كە زیاتر لە عەشیرەت و خزمەكانین، ململانێیەكە لە نێوان دیكتاتۆرێكە كە خەڵكە سڤیلەكە نایانەوێ.
لە درێژەی قسەكانیدا فالح گوتی: ئیسڕائیلییەكان لەوەدا دڵخۆش و ئاسوودەن كە داعش پەرەی سەندووەو رەوشی سوریاو وڵاتانی دەوروبەریشی هەرەسی هێناوە، بەمەش هیچ هێزو وڵاتێك ناتوانێت دژایەتییان بكات، هەروەها سەركەوتنی ئیخوان موسلمینیش لە میسر ترسی پێ گەیاندن لەوەی كە گۆڕانكاریی لە سیاسەتی دەرەوەی میسر رووبدات، ئەمریكاش هەر بەم شێوەیە لەم ئەنجامە نیگەران بوو، بۆچوونێك لە ئیسڕائیل هەیە كە پێی وایە ناتانیاهۆ بە رەگەزپەرستیی خۆی وایكردووە كە خەڵكەكە هەست بەوە بكەن كە هەر ئەو هۆكارە لە رێگەگرتن و چارەسەرنەكردنی كێشەی فەلەستین و دواتر پەرەسەندنی بزاڤە ئیسلامییە توندڕۆكان لەوانەش داعش، بەڵام ئەگەر بڵێن ئیسڕائیل چەك بە داعش دەدات، ئەمە پێموایە راست نییە، هەر چەندە من رقم لێیەتی، بەڵام ئەمە وانییە، ئەوان سوودمەندن لەو هەرەسهێنانەی رەوشی وڵاتان و ئەو ململانێیانەی كە لەنێو خودی ئەو دەوڵەتانە هەن و سوود لە گێلیی و نەفامیی سیاسەتی دەوڵەتان دەبینن، بەمە زۆر ئاسوودەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا عەبدولجەبار گوتی: لەیەكەم رۆژەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەوە قایل نەبوو كە وڵاتانی عەرەبی دەست لەم رەوشە وەربدەن، چونكە بە بۆچوونی ئەو، ئەوانە دەوڵەتی سوننەن، هەروەها هەستەوەری و كێشەی بیروباوەڕی تایفیی هەیە، بەتایەتیش لەگەڵ دانیشتووانی موسڵ و تكریت و ئەنبار و كەركوك و دیالەو شوێنەكانی دیكەدا، كەچی دەرگای بۆ ئێران كردەوە، بەتایبەتیش كە دەبینین قاسم سولێمانی كە فەرماندەی فەیلەقی قودسە دێتە عێراق و سەركردایەتی هێڕشەكان دەكات و بۆتە وتەبێژی بەرگریی حكومەتی عێراق، چەكی تازە بۆ حەشدی شەعبی دێنێت و ئەو هێزە تەنیا بۆ میلیشیا شیعەكان قۆرخ دەكات، تا ئەو میلیشیا شیعانە هێزو توانای سیاسیی خۆیان بۆ بگەڕێتەوە كە بە داخەوە هاوپەیمانن لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی پێشوو، بۆیە هەندێك هێزی ناو ئەو حەشدە هەم بۆ لێدانی داعش بەكاردێت، هەمیش رەنگە بیانەوێت كودەتا بەسەر حەیدەر عەبادیدا بكەن و تەنانەت دەیانەویست پەلاماری زۆنی سەوز بدەن، من ناڵێم هەموویان، بەڵام بەشێكی ئەو حەشدە، بەڵكو هەندێكیان كە موقتەدا سەدر بە(میلیشیای چەقاوەسوو) ناوی بردن، بۆیە دەوڵەتانی عەرەبی دەیانەویست یارمەتی عێراق بدەن، بەڵام حكومەتی عێراق نەیویست ئەم شتە رووبدات، لەبەر ئەوە هەر ئەمریكا بە تەنیا لە گۆڕەپانەكە نییە، بەڵكو هەر وەك دەزانن ئێران و خودی قاسم سولێمانی رۆڵی سەرەكی لەم هاوكێشەیەدا دەبینن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1039)
