یەکەم گەشتی حاجیانی هەرێم دوو سبەی دەست پێدەکات

یەکەم گەشتی حاجیانی هەرێم دوو سبەی دەست پێدەکات
وەزارەتی ئەوقاف ئەشکرای دەکات، رۆژی سێ شەممە(٢٥/٨/٢٠١٥) یەکەم گەشتی حاجیانی ئەمساڵ بە مەبەستی جێ‌بەجێ کردنی فەریزەی حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەرەو وڵاتی شانشینی سعودی بەڕێ دەکەون.



بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوا بە دوای ئەوانیش لە رۆژانی دواتردا گەشتی دووھەم لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجام دەدرێت. سەرجەم ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ دەگاتە ٣٦٥٥حاجی و پێکھاتەکەشیان بەم شێوەیە:

٢٦٣٨حاجی لە رەگەزی نێرە

١٠١٧حاجی لە رەگەزی مێ یە

١٢٩١حاجی لە پارێزگای ھەولێر

١١٦١حاجی لە پارێزگای سلێمانی

٩٥٤حاجی لە پارێزگای دھوک

٢٤٩حاجی لە ئیدارەی گەرمیان

٣٠مامۆستا و رێپیشاندەری ئایینی

٥مامۆستای ئایینی وەک لیژنەی فەتوا

١٧پزیشک و کارمەندی تەندروستی



وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندووه: لەم پێناوەشدا وەزارەتی ئەوقاف لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی کوردستانەوە تەواوی ھەوڵەکانی خستۆتە کار لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی حەج و ھەوڵی تەواو دەدات بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری شایستە بۆ سەرجەم حاجیانی ھەرێم وەک دابین کردنی پاسی شایستە لە ناوخۆی ھەرێم بۆ گواستنەوەی حاجیان بۆ فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی و بە ھەمان شێوەش لەناو سعودیە پاسی شایستەی دابین کردووە بۆ گواستنەوەی حاجیان لە نێوان شارەکانی مەککەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە و مەشاعر و مینا و موزدەلیفە و عەڕەفەدا، ھەروەھا پێشکەشکردنی خواردنی سێ ژەمەی حاجیان لە شاری مەدینە و خواردنی سێ ژەمەی رۆژی عەڕەفە و دەستەبەر کردنی خێوەتی گەورەی جۆری ئەڵمانی کە ئامێری فێنککەرەوەی تێدا بێت و کردنەوەی دوو نۆڕینگەی پزیشکی ٢٤کاتژمێری تایبەت بە حاجیانی ھەرێم و دەستەبەر کردنی میوانخانەیەکی شایستە و نوێ لە شاری مەککەی پیرۆز کە لە توانایدا ھەیە سەرجەم حاجیانی ھەرێم بگرێتە خۆی لە ناوچەی "محبس جن" کە کەوتۆتە نزیک حەرەمی پیرۆزەوە. لە گەڵ ھەموو ئەمانەشدا وەزارەتی ئەوقاف خوازیاری خزمەتگوزاری زیاتر و شایستەترە بۆ حاجیانی ھەرێمی کوردستان.
- See more at: http://peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=363721#sthash.NHvk3aHQ.dpuf
Top