"ھۆکاری دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگە ئاشکرا بوو"
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بەیاننامانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی بڵاویان کردووەتەوە ژمارەکانیان دروستن و وەکو یەکەن؛ ئەگەر بەراورد بکرێت لە ٩/٧ ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوێکی ئاراستەی ھالک بانک و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کردووە، کە لەمەودوا پارەی فرۆشراوی نەوت دەخرێتە سەر حیسابی ھەرێمی کوردستان، ھالک بانک و وەزارەتی داراییی ھەرێمی کوردستان؛ پێنج حەفتە لەمەوبەر وەزیری دارایی ئاگادار کراوەتەوە کە بچێت ھەندێک ڕۆتینیات ھەیە بیکات کە پارەکە لە حیسابی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بخاتە سەر وەزارەتی دارایی، بەڵام وەزیری دارایی نەچووە و، بیانووی ئەوەی گرتووە کە نووسراوەکە بۆی بکرێتە تورکی و خراوەتە سەر زمانی تورکی لە کونسوڵخانەی تورکیا و بڕیار بوو سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵیدا بچێت و فڕۆکەشی بۆ دابین کردووە، وەزیر نەچووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگهڕێتەوە کە کاریگەریی حزبەکەی لەسەر بووە بۆ ئەوەی نەچێت و، دابەشکردنی مووچە دوا بکەوێت و، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تاوانبار بکەن و، باس لەوە بکەن پارتی ھۆکاری دواکەوتنی مووچەیە!
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، کە وەزیری دارایی نەچووە و، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ناچارە ڕێگای پێشوو بەکار بێنن کە لە ئەڵمانیا بانکی ھەرێمی کوردستان ڕەسیدی ھەیە؛ پارەی لە ڕەسیدی بکڕ دەچێتە سەر ڕەسیدی ھەرێمی کوردستان و، بانکی کوردستان لێرە پارەی پێویستی نییە، بۆیە ناچارە چاوەڕوان بکات تاوەکو بە وەجبە دێت؛ دوێنێ ١٧٠ملیۆن دۆلار چووەتە سەر حیسابی ھەرێمی کوردستان و، تا دوو رۆژی دیکە ١٢٥ملیۆن دۆلاری دیکە دێتە سەر حیساب بەم شێوەیە دوا دەکەوێت، بەڵام ئەگەر وەزیری دارایی کاری خۆی کردبا ڕەسیدی بکڕ دەچووە سەر حیسابی ھالک بانک و ھالک بانک دراوسێی ئێمەن و، پارەی نەختیان ھەیە؛ ئەوکات ڕاستەوخۆ پارەکە وەردەگیرا و لە شوێنی ئەوەی بە ٢٠ ڕۆژ ٨٥٠ملیۆن دۆلار بگات، بە حەفتەیەک وەریدەگرت."
(شەعبان) ڕوونیشی کردەوە، ھۆکاری دواکەوتنی مووچە سیاسییە و گۆڕان بەئەنقەست ڕێگەی نەداوە وەزیرەکەیان بچێت کارەکەی خۆی بکات، بۆ ئەوەی مووچە دوا بکەوێت و، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و، پارتیشی پێ تاوانبار بکەن.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو قسانەی من دەیکەم ھەمووی بە بەڵگەوە دەیکەم و، لێی بەرپرسیارم، چونکە بەدواداچوونم بۆی کردووە.
