پۆلیسی ھەولێر: کەسانێک بە مەبەستی تێکدانی ئارامی دەنگۆی ناراست بڵاو دەکەنەوە

   	 	 پۆلیسی ھەولێر: کەسانێک بە مەبەستی تێکدانی ئارامی دەنگۆی ناراست بڵاو دەکەنەوە
بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر رایدەگەینێت، ئەو پۆلیسەی بەرگری شارستانى بەپێی یاسا دەستگیرکراوە، بەڵام کەسانێک بە مەبەستی تێکدانی ئارامی شاری ھەولێر چەند دەنگۆیەکی نادروست بڵاودەکەنەوە.

بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر ڕوونکردنه‌وەیەک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا ھاتووە، سەبارەت بە کەیسی پۆلیسی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ھەولێر (شیڤان ئازاد) دوای ئەوەی لە لایەن بەرێوەبەرایەتیەکەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکھات، بەپێی بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و بە پێی ماددە (٤۳۳) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە ۱۱ لە ساڵی ۱۹٦۹، دەستگیرکرا و دواتر ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندی ھەولێرکرا و ئێستاش ناوبراو بەندە.

بەداخەوە چەند دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە کەوا ناوبراو رفێندراوە یاخود لێیدراوە یان ئۆتۆمبێلەکەی بردراوە، ئێمە وەکو پۆلیسی ھەولێر تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەینەوە و ڕایدەگەێنین کەوا ناوبراو لەسەر بریاری ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی فەرمانگەکەی خۆی دەستگیرکراوە.

بەپێی ھەمان ڕوونکردنەوە، چەند کەسانێک بۆ خۆ دەرخستن لەسەر ئەم کەیسە کە مەبەستیان دلسۆزی و خەمخۆری نیە تەنیا ئەوە نەبێت تێکدانی ئارامی شاری ھەولێرە چەند دەنگۆیەکی نادروست بڵاودەکەنەوە.
Top